ئامرازنامەیەک بۆ مامەڵەکردنێکی ئەخلاقی لەگەڵ ڕزگاربووان

نیسان 27, 2026

ئەم ئامرازنامەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە (C4JR) پەرەی پێدراوە، کە پڕۆژەیەکی دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ-ە. ئەم هەوڵە گوزارشتە لە فراوانکردنی کارەکانی هاوپەیمانییەکە بۆ چەسپاندنی شێوازێکی ئەخلاقی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕزگاربووانی تاوانەکانی داعش لەلایەن ڕاگەیاندنکاران، ڕێکخراوە ناحکومییەکان، دۆکیۆمێنتکارانی مافی مرۆڤ، لایەنە حکومییەکان و لێکۆڵەران کە پەیوەندی بە هاوپەیەمانییەکە و ڕێکخراوە ئەندامەکانیەوە دەکەن. ئامانج لەم ئامرازنامەیە ئامادەکردنی ئەندامانی هاوپەیمانییەکەیە بۆ پشتگیریکردنی چالاکانە و بەهێزکردنی ڕزگاربووان کاتێک بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریکردن لەو چالاکییانەی کە تێیدا زۆرجار داوایان لێدەکرێت باس لە ڕووداوە تراژیدییەکانی ڕابردوو بکەن سەبارەت بە ڕفاندن و ئەو تاوانە جۆراوجۆرانەی تر کە داعش ئەنجامی داون. ئەمە تەواوکەری “ڕێنماییە ناوخۆییەکانی هاوپەیمانییەکەیە بۆ مامەڵەی ئەخلاقی لەگەڵ ڕزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی و ڕەگەزی و لیستی پشکنین بۆ بەشداریی میدیاییە، هەروەها چوارچێوەیەکی کارکردن و ئامراز و کارنامەیەک بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم داواکارییانە دابین دەکات.

سەرەڕای بەشداریی کاریگەر لە داڕشتنی ناوەڕۆکی ئامرازنامەکە، ڕزگاربووان لە پرۆسەی دیزاینکردن و وێنەکردنی ناوەرۆکی ئەم ئامرازنامەکەدا بەشدار بوون. بە ڕاوێژ لەگەڵ هونەرمەندێکی ناوخۆیی و ڕاهێنەرێکی شارەزای بواری خۆڕاگری، لەمیانی وۆرکشۆپێکدا چەند پرسیارێکی ڕێپیشاندەری سادەیان ئاراستە کرا: دەتانەوێت چۆن ببنرێن؟ مامەڵەی ئەخلاقی بۆ ئێوە چی دەگەیەنێت؟ نیگارکێشان یان ڕوونکردنەوەی یەکەم هەست کە دێتە خەیاڵتان کاتێک چەمکەکانی وەک “زیان نەگەیاندن”، “پاراستنی نهێنی” و “ڕەزامەندیی پێشوەختە” دەبیستن. ئەو وێنانەی لە ناو ئامرازنامەکەدا هەن، وێنەدانەوەی وەڵامەکانی ئەوانن.

ئامانجی ئەم ئامرازنامەیە ئەوە نییە کە ڕزگاربووان لە بڕیاردانی سەرەکی دوور بخاتەوە، بەڵکو ئاسانکارییە بۆ ڕێکخستنی داواکارییەکان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ڕزگاربووان کاتێک خۆیان ئامادەن، هەروەها بەهێزکردنیان لە ڕێگەی پرۆسەیەکی بەردەوامی “ڕەزامەندیی پێشوەختە” کە بڕیاردەری سەرەکی ڕزگاربوو بێت و ڕەچاوی دۆخی دەروونی ڕزگاربوو بکات. جگە لەوەش، ئامانجەکە بەهێزکردنی چۆنیەتی مامەڵەی خودی ڕێکخراوە ناحکومییەکانە لەگەڵ ڕزگاربووان، بۆ باشترکردنی وەڵامدانەوەکانیان و گۆڕان بەرەو شێوازێکی ئەخلاقیتر لە کارکردن لەگەڵ ڕزگاربووان.

لە کاتی کارکردنی هاوبەشدا، زۆرێک لە ڕزگاربووان ئاماژەیان بە کەمیی زانیاری و ئەو چاوەڕوانییە کرد کە هەر زوو دوای ڕزگاربوونیان لەژێر دەستی داعش وای لێکردبوون چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە. ئەو کەسانەی پەشیمانن لە گێڕانەوەی وردەکارییە کەسییەکانیان بە تایبەت بۆ میدیا، دواتر درکیان بەوە کردووە کە ئەو زانیارییانە بۆ هەمیشە لە لەجیهانی ئینتەرنێتدا دەمێننەوە و ناسڕێنەوە. کاتێک لە ژنانی ئێزدی دەپرسرێت بۆچی لێدوانتان بۆ ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن داوە، لە وەڵامەکەیاندا بۆت دەردەکەوێت کە ڕەزامەندی پێشوەختەیان لێ وەرنەگیراوە، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا زۆریشیان لێ کراوە لێدوان بدەن بۆ میدیاکان:

ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئامرازنامەکە جەخت لەسەر پرۆسەی بەردەوامی “ڕەزامەندیی پێشوەختە” بکاتەوە وەک بنەمای مامەڵەی ئەخلاقی لەگەڵ ڕزگاربووان. توێژینەوە و ڕاوێژەکان لەگەڵ ڕزگاربووان نیشانی دەدەن کە میدیاکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و لێکۆڵەرانی تاوان هەندێک جار زانیارییەکانیان لە ڕزگاربووان وەرگرتووە بە شێوازێک کە تەنها مەبەستیان دەرهێنانی زانیاری بووە. کاتێک داوا لە ڕزگاربووان دەکرێت بێنە پێشەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان، لەوانەش ئاشکراکردنی ناسنامەیان وەک ڕزگاربوو بە شێوەی گشتی، زۆر گرنگە کە بە تەواوی لە سوودەکان و زیانە ئەگەرییەکانی ئەو بەشدارییە ئاگادار بن. ئەمەش پێدانی زانیارییەکی ڕاستەقینە دەگرێتەوە سەبارەت بە ئەگەری سوودەکان بۆ خۆیان و بۆ کۆمەڵگەکەیان بە گشتی. تەنانەت گرنگتر لەوەش، گفتوگۆکردنە لەسەر ئەوەی زانیارییەکان چۆن بەکاردەهێنرێن و بڵاودەکرێنەوە، و چ مەترسییەک لەسەر ڕزگاربووەکە دروست دەبێت بەهۆی ئاشکراکردنی شوناسی.

ئەم تابلۆیە ڕزگاربوویەک نیشان دەدات کە لە دۆخێکی دژواردایە و بەئاشکرا وێنەی دەگیرێت و پرسیاری لێدەکرێت بەبێ ئەوەی گرنگی بە دۆخی تەندروستی بدرێت.

پێویستە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە و هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی بزانن لە تێگەیشتن و جێبەجێکردنی ناوەڕۆک و ڕێنماییەکانی ئەم ئامرازنامەیە، چونکە داکۆکیکردن بۆ بەبەڵگەنامکردنی ئەخلاقیی ئەم ڕووداوە تراژیدییانە فرەلایەنە و ئەو ڕێکخراوانەی لەگەڵ ڕزگاربووان کار دەکەن دەبێت ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. هەرچەندە ئامرازنامەی هاوپەیمانییەکە بۆ بارودۆخی عێراق داڕێژراوە و ئاراستەی ڕزگاربووانی ئەو پێکهاتانەی عێراق کراوە کە ڕووبەڕووی توندوتیژیی دڕندانەی داعش بوونەتەوە، بەڵام دەکرێت لە هەموو ئەو بارودۆخانەدا بەکاربهێنرێت کە داوا لە ڕزگاربووان دەکرێت چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە، چ بە شێوەی گشتی بێت یان تایبەت.

وەک وەنسە شەمعون، ڕێکخەری پەیوەندییەکانی هاوپەیمانییەکە دەڵێت: “کارەکانمان لەسەر ئامرازنامەی هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە بۆ هاندانی ڕزگاربووانە تاوەکو کۆنترۆڵی گێڕانەوە و چیرۆکەکانی خۆیان بگرنەوە دەست.”

ناونیشانی بڵاوکراوە:ئامرازنامەیەک بۆ مامەڵەکردنێکی ئەخلاقی لەگەڵ ڕزگاربووان
بڵاوکەرەوە: دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ
ساڵی بڵاوکردنەوە: ٢٠٢٥
نووسەر: شێریزان مینوڵا
هاوکار: یوسرا ئەلکەیلانی
بەشداربووان: دکتۆر بۆجان گاڤریلۆڤیچ، دێلمان کەریم، سابر سەعید،
وەنسە شەمعون، زۆی پاریس، زۆزان محەمەد
وێناکان: لەرێ نەجمەدین

داگرتن:

English | عربي |کوردی

Related posts

وەشانی ١٢ی هەواڵنامەی هاوپەیمانێتی بۆ قەرەبوکردنەوەی دادپەروەرانە بڵاوکرایەوە (ئەیلولی ٢٠٢٥)

وەشانی ١٢ی هەواڵنامەی هاوپەیمانێتی بۆ قەرەبوکردنەوەی دادپەروەرانە بڵاوکرایەوە (ئەیلولی ٢٠٢٥)

هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردەوەی دادپەروەرانە، بە بەردەوامی هەواڵنامە بڵاو دەکاتەوە بە مەبەستی هاوبەشکردنی زانیاریی درووست و نوێکراوە لەسەر یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی. هەروەها بۆچوون و ئەزموونەکانی هەموو ئەو لایەنە کارایانەی لە جێبەجێکردنیدا بەشدارن دەخاتە ڕوو. ئەمەش...

بەیاننامەی هاوبەش لە یازدەهەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکاندا

بەیاننامەی هاوبەش لە یازدەهەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکاندا

هەولێر، هەرێمی کوردستان - عێراق - ٣ی ئابی ٢٠٢٥: ئەمڕۆ یازدەهەمین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەیە کە داعش دژی ئێزدییەکان و کەمینەکانی دیکەی عێراق ئەنجامی دا. ڕۆژێکە بۆ ماتەمینی، ڕێزگرتن لە قوربانییان و گەیاندنی دەنگی ڕزگاربووان، هەروەها بیرهێنانەوەیەکە بۆ خستنە سەر ڕێی ماف و...

 ژمارەی دەیەمین هەواڵنامەی هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە دەربارەی یاسای ڕزگاربوانی ئێزدی— ئێستا بەردەستە

 ژمارەی دەیەمین هەواڵنامەی هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە دەربارەی یاسای ڕزگاربوانی ئێزدی— ئێستا بەردەستە

هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە (C4JR) بە بەردەوامی هەواڵنامە و نوێکاری لەبارەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی  بڵاو دەکاتەوە، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست و نوێکراوە لەسەر یاسای ڕزگاربوانی ئێزدی، لەگەڵ بۆچوون و ئەزموونەکانی هەموو ئەو لایەنانەی کە...

Verified by MonsterInsights