هەولێر، هەرێمی کوردستان – عێراق – ٣ی ئابی ٢٠٢٥: ئەمڕۆ یازدەهەمین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەیە کە داعش دژی ئێزدییەکان و کەمینەکانی دیکەی عێراق ئەنجامی دا. ڕۆژێکە بۆ ماتەمینی، ڕێزگرتن لە قوربانییان و گەیاندنی دەنگی ڕزگاربووان، هەروەها بیرهێنانەوەیەکە بۆ خستنە سەر ڕێی ماف و پێداویستی و ئاواتەکانی ئەوانەی کە لەم ڕووداوە کارەساتئامێزەدا زیانیان بەرکەوتووە.
ساڵی ڕابردوو، هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە (C4JR) ڕاپۆرتی خۆی لەم یادەدا بڵاوکردەوە، “١٠ داواکاری، ١٠ ساڵ دوای کۆمەڵکوژییەکەی دەستی داعش” – نەخشەڕێگایەک بە ڕابەرایەتیی ڕزگاربووان بۆ چارەسەرکردنی بەپەلەی گرینگترین ئەو ئاڵەنگارییانەی دووچاری کۆمەڵگا زیانلێکەوتووەکان بوونەتەوە لە دەیەیەک پاش کۆمەڵکوژیەکە. ئەمساڵ، ئێمە هانی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەدەین کە چاو بەو داواکارییانەدا بخشێننەوە، هەڵسەنگاندن بۆ گۆڕانکارییەکان بکەن و ئەو ئەرکانەش دیاری بکەن کە ماونەتەوە.
یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی وەک یەکێک لە گرنگترین و گشتگیرترین ڕێوشوێنەکان دەمێنێتەوە کە تا ئێستا وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ کۆمەڵکوژییەکە گیراوەتە بەر، هەروەها هەنگاوی گرنیگیش لە جێبەجێکردنیدا نراوە. دەستکەوتە سەرەکییەکانیش ئەمانە لەخۆ دەگرێت: دامەزراندنی شێوازی گەواهیدان لە دوورەوە بۆ ڕزگاربووانی تاراوگە، زیادبوونی ژمارەی سوودمەندانی تۆمارکراو، دەرکردنی کارتی تەندرووستی بۆ ئەوانەی کە ڕەزامەندی لەسەر شایستەییان دراوە، پەرەپێدانی دەرفەتەکانی فێربوون و ڕاهێنانی پیشەیی، هەروەها پشتگیریکردنی پرۆژەی بچووک بۆ ڕزگاربووان.
لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیشدا، هەوڵەکانی دادپەروەری بەرەوپێشچوونی بەخۆوە دیوە. دادگا ئەورووپییەکان _ لە نێویشیاندا دادگاکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا _ ئەندامانی داعشیان بە تۆمەتەکانی کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دادگایی کردووە، و پەرلەمانی سویسریش دانی بەوەدا ناوە کە ئەو کردەوە دڕندانانەی داعش دژی کۆمەڵگای ئێزدی ئەنجامی داوە جینۆسایدە. لە ناوخۆی عێراقیشدا، دامەزراندنی ناوەندێکی نیشتیمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، پابەندبوونێک پیشان دەدات بۆ پاراستنی بەڵگەکان و پشتگیریکردنی هەوڵەکانی لێپرسینەوە لەودیو سنوورەکانەوە دوای داخستنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (UNITAD).
پێشکەوتنێکی بەرچاو لە هەوڵەکانی دۆزینەوەی ونبووان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەدی کراوە. لە ساڵی 2025دا، دەسەڵاتەکانی عێراق هەڵمەتێکی دیجیتاڵیان لە سەرتاسەری وڵاتدا دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە ونبووان. ئەمەش شانبەشان لەگەڵ دامەزراندنی لیژنەیەکی ئاستبەرز لە ناو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ڕزگاربوواندا – بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارەکانی مافی مرۆڤ – بۆ هەماهەنگکردنی هەوڵەکانی ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێنراوان. لە مانگی شوباتدا، ڕوفاتی ٣٢ قوربانیی کۆمەڵکوژییەکانی دژی ئێزدییەکان لە بەغدا ناسێندران و گەڕێندرانەوە بۆ شنگال بەمەبەستی ناشتنی فەرمی، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کە لە مانگی ئابدا ڕوفاتی ٢٢ قوربانیی دیکەش لە مەراسیمێکدا بنێژرێن. هەروەها لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا، چەندین ڕزگاربوو دۆزرانەتەوە و ئازادکراون.
ئەم دەستکەوتانە دەرخەری پێشکەوتنێکی بەرچاون لە پێناو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ڕزگاربوواندا – بەڵام پێویستە کاری زیاتر بکرێت. پرۆسەکانی ئەم دواییەی کۆکردنەوەی خێزانەکان، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا، جەخت لەسەر گرینگی دۆزینەوە و ئازادکردنی بەپەلەی ڕزگاربووان دەکەنەوە. هێشتا دەیان هەزار کەس لە ئاوارەییەکی درێژخایەندا دەژین، لەگەڵ کەمی سەرچاوەی مرۆیی بەردەست بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە قووڵەکانیان و کاریگەرییە بەردەوامەکانی تاوانەکانی داعش. زۆرینەیان ناتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ شنگال، کە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی ژیان کردنی لێ نییە، کۆمەڵگەی ناوخۆییش هێشتا ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایش و دابەشبوونی سیاسی دەبێتەوە بەبێ ئەوەی نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ بنیاتنانەوە هەبێت. لەکاتێکدا یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی چرای هیوا و بەڵێنی ژیانێکی باشتر بۆ زۆرێک لەوانەی لە دڕندایەتییەکانی داعش ڕزگاریان بووە، ئاڵەنگارییەکان لە دەستڕاگەیشتن و جێبەجێکردندا هێشتا بەردەوامن. هەندێک ڕزگاربوو نەیانتوانیوە دەستیان بە بەرنامەی قەرەبووکردنەوە ڕابگات بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامە مەدەنییەکان یان نەتوانینی جێبەجێکردنی پێداویستییە قورسەکانی سەلماندن. هەندێکی دیکەش ڕووبەڕووی دواکەوتنی بەرچاوی ڕێکارەکان بوونەتەوە.
کەچی ئەوانەی کە ڕەزامەندی لەسەر سوودمەندبوونیان لە شایستەکان دراوە، هێشتا بەدەست کەموکورتی دارایی کەرتی تەندروستی ، سنورداریی دەرفەتی بژێویی، و چارەسەرەکانی نیشتەجێبوون و زەوی و موڵک کە دەکرێت جێبەجێ بکرێن و هێشتا نەکراون دەناڵێنن.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ساڵی ڕابردووش پڕ بوو لە نیشانەکانی پاشەکشەی مەترسیدار، لە نێویشیاندا دەرکەوتنی هەڵمەتێکی گوتاری ڕق و کینە لە دژی ئێزیدییەکان دوای ماوەیەکی کەم لە دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەدا، هاندان و هەڕەشەی ئاشکرا بۆ توندوتیژی. هەروەها مەترسیی زیادبوونی ناسەقامگیری هەرێمی و هەژموونی رادیکاڵەکان لە سنووری سووریاوە نیگەرانیی لەناو ڕزگاربووان و کۆمەڵگە کەمینەکاندا زیاد کردووە لە ئەگەری مەترسیی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی.
ئەو پێشکەوتنانەی لە ساڵی ڕابردوودا بەدەستهاتووە دەریدەخات کە دەتوانرێت چی بکرێت ئەگەر ڕزگاربووان لە چەقی سیاسەتەکان و جێبەجێکردنیاندا دابنرێن. بەڵام ئەو پێشکەوتنە لەرزۆکە و دەکرێت هەڵ بگەڕێنرێتەوە ئەگەر پابەندبوونی بەردەوام نەبێت. لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان و گۆرانی سەرنجی بەخشەراندا، مەترسیی ڕاستەقینە هەیە کە پێداویستییەکانی ڕزگاربووان جارێکی تر پشتگوێ بخرێتەوە.
لەم ساڵیادەدا، داوای کرداری دامەزرێنراو لەسەر بنەمای ئەو نەخشەڕێگایە دەکەینەوە کە ڕزگاربووان ڕابەرایەتییان کردووە و لە ڕاپۆرتی “١٠ داواکاری”دا خراوەتەڕوو، کە بە ئینگلیزی، عەرەبی و کوردی (سۆرانی) بەردەستە. دوای یازدە ساڵ،هێشتا ئەوانەی لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە، چاوەڕوانی ڕاستی، دادپەروەری، ئاسایش و ئامرازەکانی بنیادنانەوەن. نابێت ساڵێکی تر تێپەڕێنین بەبێ بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانە.
ئەم ڕێکخراوە ناحکومییانەی خوارەوە داوای دووبارە گرینگیدان بە داواکارییەکانی ڕزگاربووان دەکەن، پاڵپشت بە پابەندبوون و کرداری بەردەوام تاوەکوو ئەو پێداویستی و ئاواتانە جێبەجێ دەکرێن.
- Jiyan Foundation for Human Rights
- SEED
- Yazda
- The Lotus Flower Ngo
- House of Coexistence
- Hawar.help
- Victims of Iraq in Speicher-1700 NGO
- Better World Organization
- Dak Organization
- Hope Givers
- Justice Organization for Minority Rights
- The Observer Human Rights Center
- The Iraqi Institution for Development
- Eyzidi Organization for Documentation
- Peace and Freedom Organization
- Kurdistan Center For International Law
- Yazidi Legal Network