fbpx

چاوپێکەوتن لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، داڕێژەری یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی
ئازار 8, 2023

هەرگیز ناهێڵین داعش و هاوشێوەکانی دووبارە ببنەوە

پێویستە هەموومان یەکگرتوو و کۆک بین لەسەر کردنی کارە ڕاستەکان بۆ کۆمەڵگەی خۆمان؛ من بە ئەوان دەڵێم “کۆمەڵگەی خۆمان،” باشە؟ سیاسەت دەتوانێت مرۆڤەکان جیاواز بکات؛ وا بکات بە شێوەیەکی جیاواز سەیری شتەکان بکەین، بەڵام دواجار نابێت ناکۆک بین لەسەر ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، نابێت ناکۆک بین لەسەر گەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان، نابێت ڕامان جیاواز بێت لەسەر گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییە پێویستانەی پارێزگاری لەو ناوچانە دەکەن و ناهێڵین هەرگیز جارێکی تر شتی وا ڕوو بداتەوە و داعشێکی تر یان هەر شتێکی دیکەی هاوشێوە دروست ببێت و خەڵک تیرۆر بکات، بیانکاتە ژێردەستە و ئەوە لەگەڵ کچ و کوڕ و منداڵ و کۆمەڵگاکانمان بکات کە کردیان. ئەوەی ڕووی دا ترسناک بوو، کارەسات بوو؛ پێویستیشە لێوەی فێر بین. بابەتەکە تەنیا قەرەبووکردنەوە نییە. پێویستە زۆر زیاتر بکەین. هیوادارم ئەمە تەنیا سەرەتا بێت.

د. بەرهەم ساڵح

ڕۆژی ٨ی مارتی ساڵی ٢٠٢١، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژنان، بەڕێز بەرهەم سەڵاح، سەرۆککۆماری ئەوکاتەی عێراق، (یاسای ڕزگاربووانی مێینەی ئێزدی) پەسەند کرد، کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق-ەوە دەرچووە. ئەم یاسا تازەیە فەرمان دەکات بە دابینکردنی کۆمەڵێک قەرەبووکردنەوەی گرنگ بۆ ڕزگاربووانی تاوانەکانی داعش لە پێکهاتەکانی ئێزیدی، تورکمان، مەسیحی و شەبەک.

(یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی)، کە کورتکراوە ئینگلیزییەکەی دەبێت بە YSL، ئەمانە لەخۆ دەگرێت: قەرەبووکردنەوەی مادی، ڕاهێنانەوەی دەروونی، زەوی-پێدان، یەکەی نیشتەجێبوون، بەردەوامبوون لەسەر خوێندن، دامەزراندن، دانپێدانانی جینۆساید، دادگاییکردنی تاوانباران، گەڕان بەدوای بێسەروشوێناندا، پاراستنی شایەتحاڵان و ڕزگاربووان، هەروەها دیاریکردنی ڕۆژێکی نیشتمانیی بۆ یادکردنەوە لە ٣ی ئابدا. دوو ساڵ پێش دەرچوونی (یاسای ڕزگاربووانی مێینەی ئێزدی) لە ٢٨ی مارتی ساڵی ٢٠١٩دا، نووسینگەی سەرۆک بەرهەم ساڵح (پڕۆژەیاسای ڕزگاربووانی مێینەی ئێزدی)ی پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق کرد بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردن. ئەم پڕۆژەیاسا سەرەتاییە لە دوو ڕووەوە گرنگییەکی زۆری هەبوو. یەکەم: زۆر بەتێروتەسەلی داڕێژرابوو؛ کۆمەڵێک ڕێوشوێنی قەرەبووکردنەوەشی لەخۆگرتبوو. دووەم: پرۆژەیاساکە توانی لەسەر ئاستێکی فراوان سەرنجەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، لەوانەش سەرنجی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی عێراقی و ڕزگاربووانی تاوانەکان بۆ فشار دروستکردن و ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بەسوود لە ڕەشنووسی ئەم یاسایەدا لە پەرلەمانی عێراق.

ئەم گفتوگۆیەی خوارەوە لەلایەن دەزگازی ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ-ەوە بە نوێنەرایەتیی (هاوپەیمانێتیی قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە (C4JR)) ڕێک خراوە.

دەتوانن پێمان بڵێن چی پاڵنەرێک بووە بۆ ئێوە و پرۆسەی پشت بەرهەمهێنانی ڕەشنووسی یەکەمی یاساکە بەو پێشکەوتووییە، کە بنەمایەکی مشتومڕی ئست بەرزی درووست کرد هەر لە سەرەتاوە؟

هاتنەدەنگ لەسەر پێکهاتە ئێزدییەکان و قوربانییانی داعش بەڕاستی دۆزێکی زۆر گرنگە؛ هەر ئەوەش بوو هانی دام وەک کارێکی لەپێشێنە و زۆر گرنگ کاری لەسەر بکەم. لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٨دا بە سەرۆک هەڵبژێردرام و توانیمان تا مانگی مارت ڕەشنووسی یاساکە یەکلایی بکەینەوە و پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکەین. لەڕاستیدا، دەبوو لەو کاتەدا پشتگیریی حکومەتیش بەدەست بهێنین چونکە بابەتەکە لێکەوتەی نیشتمانیی هەبوو و نەدەکرا سەرۆکایەتی بەخێرایی تێی بپەڕێنێت. بۆیە پێویست بوو هەندێک کاری سیاسی و ڕۆتینی تێدا بکەین. هەر ئەوەش بوو وای کرد تا گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران نزیکەی پێنج مانگی پێ چوو. ئەوەی هانی دام ئەم کارە بکەین هەستکردن بوو بە بەرپرسیارێتی، هەستکردن بوو بە ئەرکی ئەخلاقیی سەرشانمان. لەڕاستیدا، قوربانییانی داعش، بە تایبەتی ئەو کچە ئێزیدیانەی کە ڕفێنران و بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا کرا کە کرا، گەورەترین نموونەی دڕندەیی مرۆڤە بەرانبەر ژنان، مرۆڤە بەرانبەر مرۆڤی دیکە. وەک دەوڵەتی عێراق، وەک مسوڵمانێک، وەک کوردێک، وەک سەرۆکێک، وەک مرۆڤێک، هەستم کرد کە بەڕاستی پێویستە بە کردار شتێک بکەین. من پێم وایە هیچ قەرەبووکردنەوەیەک، هیچ دانپێدانانێک هەرگیز ناتوانێت ئەو نادادپەروەرییە بسڕێتەوە و هاوسەنگ بکاتەوە کە بەسەر ئەو کەسانەدا هات. هیوادارم ئەمە سەرەتای پڕۆسەیەک بێت کە بەهۆیەوە ئێمە نەک تەنیا وەک دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراق قەرەبووی ئەو کەسانە بکەینەوە- کە لەڕاستیدا لە زۆر ڕووەوە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە لەسەرشانمان بەرانبەر بە هاووڵاتییان و گەلی خۆمان- بەڵکو هیوادارم، بتوانین لەم ڕێگەیەوە هەوڵە نێودەوڵەتییە جدییەکان بۆ خزمەتی ئەم دۆزە یەک بخەین. پێویستە هەرکەسێک کە لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانەدا یارمەتی داعشی داوە، باجی ئەم تاوانانە بدات و قەرەبووی ئەو قوربانییانە بکاتەوە- لەپێشیشیانەوە ئێزدیەکان کە پشکی زۆری قوربانییەکانیان بەردەکەوێت- کە بەڕاستی لەو ماوەیەدا بە دۆخی ئێجگار قورس و ترسناکدا تێ پەڕین. دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە لەگەڵ چەندین چالاکەوان لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کرد، لەگەڵ زۆر کەسی ئێزدی کە هاوڕێم بوون، لەگەڵ زۆر کەس کە دەمێکە دەیانناسم، پێکەوە کارمان لەسەر ئەمە کرد. هەر تەنانەت پێش ئەوەش ببم بە سەرۆککۆمار، هەموو ڕێک کەوتین لەسەر ئەوەی کە ئەگەر هەڵبژێردرام، ئەم بابەتە ببێتە کاری لەپێشینەم. کچەکەم کچەکەی خۆی ناو ناوە “مەیان” بەناوی “مەیان خاتوون”ەوە، شازادەی ئێزدییەکان یان ڕابەری ئێزدییەکان کە بەرهەڵستیی کرد و جەنگا. لەبەرئەوە پەیوەندیی من و ئێزدییەکان پەیوەندییەکی کەسییشە. لەڕاستیدا، ئێزدییەکان ڕەسەنترین و ڕاستەقینەترین نوێنەری فرەڕەنگی و کولتووری جوانی خاکەکەمانن، لە بەرانبەردا داعش نوێنەرایەتی ئەو توندڕەوییە دەکات کە لەسەر بنەمای ڕق و کینە و خۆپەرستی و ڕەگەزپەرستی و دامەزراوە. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا، ئەوەی کە کردوومانە کەمترین شت بووە لەسەرمان بوو بیکەین.

Aئێمە لە هاوپەیمانێتیی قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە زۆرجار باسی ئەو ڕاستییە دەکەین کە هەوڵەکانی ئێوە دەرفەتێکی گەورەیان ڕەخساند بۆ ئەوەی بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییان بچێتە پێشەوە. ئایا جەنابت یان تیمەکەتان پێشبینیی ئەوەتان دەکرد کە کاریگەریی ئەم ڕەشنووسە سەرەتاییە لە دوای کۆتاییهاتنی ململانێکانی سەردەمی داعش، ببێتە هۆی دروستکردنی دەرفەت و مەودای کارکردنی نوێ؟

با ڕاستگۆیانە و دوور لە سیاسەت وەڵامت بدەمەوە. ئەمە کەمترین شت بوو کە دەبێت کەسێک بیکات- جا لە هەر پلەیەکی دەسەڵاتدا بێت- بە بەراورد بەو کارەساتانەی بەسەر ئێزدییەکان و کۆمەڵگە عێراقییەکانی دیکەدا هاتن، بەتایبەت ئەم کچانە، کە نموونەی پاکیین و مرۆڤن. ئەوەی ڕووی دا، بە مانای وشە نموونەی ئەوپەڕی وەحشیگەری بوو. ئەوەی کردمان کەمترین شت بوو کە دەبێت مرۆڤ وەک لێپرسراوێتیی ئەخلاقیی سەرشانی بیکات بۆ هاونیشتیمانیانی خۆی. کاتێک ڕەشنووسەکەمان پێشکەشی پەرلەمان کرد، چەند شتێکی تریشی تێدا بوو، پەرلەمانیش لای خۆیەوە چەند شتێکی گۆڕی؛ هەندێکیانم بەدڵ بوو، هەندێکیشیانم بە دڵ نەبوو، بەڵام دەبوو قبووڵیان بکەین. ئەوەی گرنگ بوو کرۆکی یاساکەیان وەک خۆی هێشتەوە. بەڕاستی من پێم وایە کە ئەمانە کەمترین شتن کە وەک قەرەبووکردنەوە بۆ ئەو قوربانییانە بکرێن. هیچ شتێک ناتوانێت ئەو زیانانە بێنێتەوە جێی خۆی کە ئەم کەسانە، ئەم قوربانییانە تووشیان بوون. هیچ شتێک؛ نە هیچ بڕە پارەیەک، نە هیچ شتێکی دیکە. لەبەرئەوە، ئەمە، هەروەک تۆ وتت و خۆشم پێشتر ئاماژەم پێ دا، سەرەتای پرۆسەیەک بوو. لای من زانین و گومانکردن لەوەی کە کێ لە پشت داعشەوە بوو تەنیا بابەتیكی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکو زۆر ئەکتەری دیکەش هەبوون کە دەستیان هەبوو لە پشتگیریکردنی داعشدا، لە بەهێزکردنیاندا، لە چاوپۆشیلێکردنیان. دەمەوێت وەک کارەکتەرێکی سیاسی شتێکی دیکەش بڵێم. ڕازیبوون بەوەی بەسەر ئەو کۆمەڵگانەدا هات و گوێنەدان پێیان و بەرگرینەکردن لێیان لێپرسراوێتیی ئەخلاقی و یاساییشن. هیوادارم کە ئەمە سەرەتای ئەو پرۆسەیە بێت و دەرفەتێک بێت بۆ هەڵماڵینی ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانەی یارمەتیی داعشیان دا، کۆمەکی داراییان کرد، بەهێزیان کرد، پڕچەکیان کرد، چاوپۆشییان لێ کرد، کە ڕۆژێک باجی ئەو تاوانانە بدەن کە داعش کردنی و هەروەها قەرەبووی زیاتریش بۆ قوربانییانی جینۆسایدەکانی دەستی داعش دابین بکەن.

دادپەروەریی قۆناغ-بە-قۆناغ و ڕێکارەکانی قەرەبووکردنەوە، بەدیاریکراوییش قەرەبووکردنەوەی مادی لە عێراقدا شتێکی تازە نییە. دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق قەربووکردنەوەی مادی بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەوانەی بەهۆی ڕووداوی تیرۆریستییەوە بریندار بوون دابین کردووە. لە ماوەی ئامادەکردنی (ڕەشنووسی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی)دا، تیمەکەی جەنابتان چ وانەیەکیان لەو ئەزموونانەی پێشووەوە وەرگرت

لەڕاستیدا، بیرمان لە چەندین ڕێگەی جیاجیا کردەوە بۆ کردنی ئەم کارە؛ ئەوەش کە باست کرد یەکێک بوو لەو بژاردانەی لەو کاتەدا لەبەردەستماندا بوو. بیرمان لە چەندین ڕێگەی جیاجیا کردەوە، کۆڵیمانەوە لە چەندین ڕێکاری یاسایی و چوارچێوەی کارکردنی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆژەکە. خودی خۆم زۆر پێداگر بووم لەسەر ئەوەی شتێکی زۆر تایبەت بکەین بۆ کچە ئێزدییە ڕزگاربووەکان. چەند ڕێکارێکی دیکە هەبوون کە بەکارمان دەهێنان بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی ڕژێمی سەدام، بەڵام ئەم کەیسەیان کەیسی تاوانێکی بێوێنەی وەحشیگەرانە بوو. ئێزدییەکان بەدرێژایی مێژوو زۆر ئازاریان چەشتووە. پێم وا بوو دەبێت ئەم پرۆژەیە بەتایبەتی بۆ ئەوان بێت، بەڵام ئاشکرایە کچە شەبەک و تورکمانەکانیش بەهەمان شێوە بوونەتە قوربانیی دەستی هەمان تاوانی وەحشیگەرانە و ئەوانیش لەم یاسایەدان و دەبێت دان بە مافە و ئازار و قوربانیدانەکانی ئەوانیشدا بنرێت. من کاتی خۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووم لە سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٢، کە دەکاتە پێش ڕووخانی سەدام. ئەو کاتە حکومەتێکی بچووک بووین، سەرچاوەی پێویستمان لەبەردەستدا نەبوو، پارەمان نەبوو، بودجەمان نەبوو، ئابلۆقەی سەداممان لەسەر بوو، سەردەمێکی زۆر قورس بوو. ئەو کاتە دەچووم بۆ کامپەکانی ڕزگاربووانی ئەنفال، ئەو ژنە ڕەشپۆشانە و منداڵەکانیانمان دەبینی. ئەوە قورسترین ئازار بوو. هەرچەندە سەرچاوەکانی بەردەستمان زۆر سنوودار بوون، هەرچەندە تواناکانمان زۆر دیاریکراو بوون، بەڵام ئەو سیاسەت و حکومەتە بۆ چی باشن ئەگەر نەتوانن یارمەتی ئەوانە بدەن کە بە قورسترین ئازاردا تێپەڕیون، ئەوانەی لە کۆمەڵگەکەتدا لە هەموو ئەوانی دیکە لاوازترن. ئەوە لێپرسراوێتییەکی ئەخلاقی بوو. یەکێک لە شانازییەکانی ژیانم ئەوەیە کە لەو ماوەیەدا، سەرەڕای ئەوەی تواناکانمان زۆر زۆر سنووردار بوون، توانیمان هەموو مانگێک بڕێک پارە لا بدەین و لەسەر چەند بنەمایەک مانگانە بیدەینە ڕزگاربووانی ئەنفال. یارمەتییەکە بچووک بوو، بچووک بە بەراورد بەو کارەساتانەی ئەو کەسانە پێیاندا تێپەڕیبوون، بەڵام لای ئەوان مانایەکی گەورەی هەبوو. مانای ئەوەی هەبوو کە ئێمە ئاگامان لە ئازاریان بوو، مانای ئەوە بوو حکومەت گرنگییان پێ دەدا. ئەمە خاڵی یەکەم. لەلایەکی تریشەوە ئەوە بوو کە ئێمە هەستمان بە لێپرسراوێتیی دەکرد لە بەرانبەریاندا. لەڕاستیدا دواتر ئەمە بوو بە یاسا و بووە بە شێک لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەوانیش بەردەوام بوون لە خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەو ڕزگاربووانە. هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق کار لەسەر ئەمە بکەن و باشتری بکەن. وەک وەڵامێکیش بۆ پرسیارەکەت، چەند ڕێکارێکی یاسایی دیکە هەبوون دەبوو بگیرێنەبەر. بۆ نموونە، دەکرا لەڕێی دەزگای شەهیدان-ەوە کارەکەمان بکردایە، بەڵام ئەوە لە تایبەتمەندیی کەیسی کچە ئێزدییەکان و تاوانەکەی کەم دەکردەوە. بۆیە پێمان وا بوو باشترە بەم شێوەیە بیکەین، بۆ ئەوانیش زۆر باشترە کە بەم شێوەیە و بەتایبەتی مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەیاندا بکرێت و پێداویستییە تایبەتییەکانیان لەبەرچاو بگیرێن.

جگە لە قەرەبووکردنەوەی مادی، ڕەشنووسی یاساکە هەندێک شتی دیکەشی باس کردووە وەک ڕاهێنانەوەی دەروونی، گەڕاندنەوە سەر هەمان دۆخی پێشوو، پەروەردە، زەوی-پێدان، یادکردنەوەی ڕووداوەکان و بەجینۆساید-ناساندن. تەنانەت ڕەشنووسەکە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان ناچار دەکات تاوانباران ببەنە بەردەم دادگا و مافی لێخۆشبوونیش نەیانگرێتەوە. ئاشکرایە چەندین ڕێکار و خزمەتگوزاری و سوودگەیاندن و قەرەبووکردنەوە هەبوون کە دەتانویست بیانگرنەبەر یان بیانبەخشن، ئایا بیرتان لەو ئاڵنگارییانە کردبووەوە کە بەهۆی واقیعەوە لە جێبەجێکردن و گەیاندنی ئەو ڕێکار و خزمەتگوزارییانەدا دەهاتنە پێشتان؟

بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. لەڕاستیدا، ماوەیەک لەمەوپێش، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی [“بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ڕزگاربووان” کە کە لەچوارچێوەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی-دا دامەزراوە] قسەم کرد. تەنانەت پێش ئەوەش کە خولی سەرۆکایەتییەکەم تەواو ببێت، چەند جارێک قسەم لەگەڵ ئەو خاتوونە کرد، لەگەڵ وەزیری [حکومەتی فیدڕاڵ بۆ کار و کاروباری کۆمەڵایەتی]یش، کە هات بۆ لام و باسی ئەم بابەتەمان کرد. هەموو جارێک کە کۆبوونەوەم هەبوو لەگەڵی، بە ئامادەییەوە دەهات و دوایین هەواڵی دەدامێ لەسەر ئەوەی تا ئەو کاتە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتییەوە کرابوو. ڕۆتیناتی ناو فەرمانگەکان کێشەی ناو هەموو وڵاتێکە و لە عێراقدا کێشەیەکی گەورەتریشە، بەتایبەتی لە کەیسی لەم شێوەیەدا کە بابەتی داراییان تێدایە، هەندێک کەس هەوڵ دەدەن فێڵ لە دەوڵەت بکەن. بۆیە دەبێت پارێزگاری لە قوربانییان بکەیت، ئەویش لەڕێی پیادەکردنی ڕێکاری عەمەلی بۆ ئەوەی ئەو سوودانەی ئەم یاسایانە دەیانبەخشێت بگەنە ئەوانەی بەڕاستی قوربانیین نەک ئەوانەی خۆیان وەک قوربانی دەردەخەن و سیستەمەکە دەقۆزنەوە و هەموو ئەو سوودانە بۆ خۆیان دەبەن کە ئەم پرۆگرامە دابینی کردوون. لەبەرئەوە، بەڵێ، بێگومان ئێمە پێشبینیی ئەوانەمان کرد و کارم لەگەڵ حکومەت کرد لەسەر ئەو بابەتە. تیمێکی باشم هەبوو، ژمارەیەک ڕاوێژکار و خەڵکی باشیشمان لەگەڵ بوو. هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتە جیاجیاکان کرد بەو ئامانجەی کەمترین کاری ڕۆتینات لە پرۆگرامەکەدا هەبن، بەڵام هەموو حکومەتێک کێشەی بودجەی هەیە، فڵان و فڵان وەزارەتی هەیە، ڕۆتیناتی ئیداریی تێدایە، بەڕاستی بە ئەمە زۆر بێزار بووم. لای کەم [بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ڕزگاربووان]مان هەیە، ئۆفیسێکمان لە نەینەوا هەیە، بەڕێوەبەری گشتیش گازەندەی ئەوە دەکات کە سەرچاوەی پێویستی لەبەردەستدا نییە تا کارەکان ڕابپەڕێنێت، بۆ نموونە ژمارەی پێویست لە کارمەند لە ئۆفیسەکەیدا نییە. هەر کە بودجە پەسەند کرا، هیوادارم پارە و سەرچاوەی زیاتری بخرێتەبەر دەست. ماوەیەک پێش ئێستا پێی گوتم کە نزیکەی ١١ کارمەندی هەیە کە بەبەردەوامی کار لەسەر کەیسەکان دەکەن، بەڵام فریا ناکەون و داواکارییان زۆر لەبەردەستە. بەدڵنیاییەوە، کێشەی کردارییش هەن، بەڵام پرۆژەکەش گەورەیە! هیوادارم بتوانن زیاتر بکەن. بە بەڕێوەبەری و گشتی و وەزیریشم گوتووە هەر شتێکم لەسەر بوو، من ئامادەم بۆ کارکردن و هاوکاریکردن لەم دۆزەدا بیکەم و بە هەر شێوەیەک توانیم یارمەتی پێشکەش بکەم، دەیکەم. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەناسم و ئەویش زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەم دۆزە. دەزانم کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت چەندەی لە توانادایە لەم بابەتەدا هاوکار بێت. من لەم پرۆگرامەدا کارئاسانی دەکەم و شتەکان دڵخۆشکەرن. ئەمە دۆزێکە کە دەبێت تێیدا هەموومان یەکگرتوو بین و کارێک بکەین سوود و قەرەبووەکان جێبەجێ بکرێن و بگەنە خەڵک.

ئەم گفتوگۆیەی خوارەوە لەلایەن دەزگازی ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ-ەوە بە نوێنەرایەتیی (هاوپەیمانێتیی قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە (C4JR)) ڕێک خراوە

ڕای جەنابتان چییە لەسەر دوا کۆپیی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی کە لە پەرلەمان پەسەند کراوە؟ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی چین؟

پێم وایە دەستپێکێکی باشە، بەدڵنیاییەوە دەستپێکێکی باشە. لەڕاستیدا، ئەو ڕەشنووسەی لە سەرەتادا پێشکەشمان کرد کەمێک جیاواز بوو لەم یاسایەی ئێستا، بەڵام دەبێت دادپەروەرانە قسە بکەم و بڵێم کە پەرلەمان کرۆک و گرنگترین خاڵەکانی ڕەشنووسەکەیان وەک خۆی هێشتووەتەوە. هەندێک هەوڵی سیاسی هەبوون لەکاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکاندا، کێ لێپرسراوی فڵان و فیسار شت بێت و ئەوانە، بەڵام توانیمان هەموو ئەوانە تێبپەڕێنین و بگەینە کۆتایی. بە بڕوای من گرنگترین شتی ئەم یاسایە ئەوەیە کە سەرەتایەکی گرنگە، دەبێت وەک دەستپێکێک تەماشا بکرێت. هەتا ئەو کاتەی شنگال بنیات دەنرێتەوە و دانیشتوانەکەی ڕاهێنانەوەی دەروونییان بۆ دەکرێت؛ هەتا ئەو کاتەی ئاوارەکان و پەنابەرەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان، ناتوانین بڵێن هیچ قەرەبووکردنەوەیەک کراوە، یان هەوڵ دراوە بۆ گەڕاندنەوەی قوربانییان بۆ دۆخی پێشوویان. با شتێکی دیکەش بڵێم کە زۆر لەمانە گرنگترە. کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین کە ئەمە یەکەم جار نییە ئێزدییەکان دەکرێنە قوربانی. ئەوان بەدرێژایی مێژوو لەلایەن کارەکتەری جیاجیاوە کراونەتە قوربانی و پەراوێزخراون، بەڵام هیچکام لەو هەوڵانەی پێشوو هێندە ئەمەی کە داعش کردی دڕندانە نەبووە.

بۆیە بەڕاستی پێویستە ئێزدییەکان دانیان پێدا بنرێت و ببینرێن، دەستیان بگیرێت و هێزیان بدرێتێ، دەبێت مافی ئەوەیان بدرێتی کە بە ڕێگە و شێوازی خۆیان پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی خۆیان دەرببڕن، بەبێ دەستتێوەردانی سیاسی ناسنامەی کلتووریی و ئایینی و دامەزراوە ئایینییەکانیان بپارێزن. ئەوە هەوڵی زۆر زیاتری دەوێت. هیوادارم ئەم یاسایە سەرەتای گفتوگۆیەکی باشتر بێت.

هیوام ئەوەیە کە ئەو چالاکەوانانەی بۆ دۆزی ئێزدییەکان کار دەکەن هاوڕێ و هاوکاری یەکتر بن بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لایەنە ئێزدییەکان خۆیان کار لەم بابەتەدا بکەن. دەبێت هەموومان کۆک و یەکگرتوو بین لەسەر کردنی شتە ڕاستەکە بۆ کۆمەڵگەی خۆمان، من بە ئەوان دەڵێم، “کۆمەڵگەی خۆمان،” باشە؟ سیاسەت دەتوانێت مرۆڤەکان جیاواز بکات؛ وا بکات بە شێوەیەکی جیاواز سەیری شتەکان بکەن، بەڵام دواجار نابێت ناکۆک بین لەسەر ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، نابێت ناکۆک بین لەسەر گەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان، نابێت ڕامان جیاواز بێت لەسەر گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییە پێویستانەی پارێزگاری لەو ناوچانە دەکەن و ناهێڵین هەرگیز جارێکی تر شتی وا ڕوو بداتەوە و داعشێکی تر یان هەر شتێکی دیکەی هاوشێوە دروست ببێت و خەڵک تیرۆر بکات، خەڵک بکاتە ژێردەستە و ئەوە لەگەڵ کچ و کوڕ و منداڵ و کۆمەڵگاکانمان بکەن کە کردیان. ئەوەی ڕووی دا ترسناک بوو، کارەسات بوو؛ پێویستیشە لێوەی فێر بین. بابەتەکە تەنیا قەرەبووکردنەوە نییە. پێویستە زۆر زیاتر بکەین. هیوادارم ئەمە تەنیا سەرەتا بێت.

لەم دواییانەدا، داواکارییەک زیاد کراوە ئەویش ئەوەیە دەبێت ڕزگاربووان لەڕێی دادگاکانەوە سکاڵا تۆمار بکەن و بەڵگەنامەی فەرمیی لێکۆڵینەوە پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان لەبەرچاو بگیرێن. ئەم ڕێکارە لە یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی یان ڕێساکانیدا داواکراو نییە و وای کردووە گرووپە کەمینە دانپێدانراوەکان بەزەحمەت دەستیان بگات بەو قەرەبووانەی کە بەڵێنیان پێ دراوە بۆیان دابین بکرێن. یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی بە ستانداردێکی بەڵگەیی ئاسان دیزاین کراوە بۆ ئەوەی پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری ئاسانتر بکات و مەترسیی زیانگەیاندن بە ڕزگاربووانیش کەم بکاتەوە. دەتوانن زیاتر لەسەر ئەم بابەتە و مەبەستی ڕاستەقینەی یاساکە قسەمان بۆ بکەن؟

ئاگادارم ئەو بەشەی بەرپرسە لە وەرگرتن و ڕاپەڕاندنی داواکارییەکان فشارێکی زۆری لەسەرە و هەوڵ دەدات ڕێگە لەو کەسانە بگرێت کە قوربانیی ڕاستەقینە نین و نەهێڵێت سیستەمەکە بقۆزنەوە. بەدڵنیاییەوە، دەبێت هاوسەنگی بپارێزیت لەنێوان ئەوەدا کە کام داواکارییە ڕاست و دروستە و کامە دروست نییە، نازانیت ئایا پرۆسەکە قورس بکەیت و خەڵک بەئاسانی دەستیان بە پرۆگرامەکە نەگات یان نا. وەک پێشتر گوتم، لەسەر ئەم بابەتە قسەم لەگەڵ هەندێک کەسدا کردووە و گوێم لە هۆکارەکانی هەردوو لا گرتووە. هەندێک کەس، بە هەندێک لە ئێزدییەکانیشەوە، سکاڵای ئەوە دەکەن کە کەسانێک قوربانیی نین و یارمەتی وەردەگرن، بۆیە گلەیی ئەوەیان دەکرد کە ئەم پرۆگرامە مەبەستی ئەو کەسانە نییە کە بەڕاستی قوربانیین. لەبەر ئەوە تاکە ڕێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەدا ئەوەیە دڵنیا ببینەوە لەوەی پشتڕاستکردنەوەی پێویست و پرۆسەیەکی پێویست هەیە بۆ دەرکردنی داواکارییە ساختەکان. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئێمە نامانەوێت ئەمە بۆ قوربانییە شایستەکان ببێت بە پرۆسەیەکی قورس و گران. من لەگەڵ هەندێک هاوکاردا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەم و دەپرسم ئایا ئەم کارە لەڕووی یاساییەوە چۆن دەکرێت. بەڵام فشاری سەر ئۆفیسەکە زۆر زۆرە، بەڕێوەبەری گشتی پێی گوتووم چاوەڕوانی ئەوەن وەزارەت بە تەرخانکردنی ستافی زیاتر بۆ ئۆفیسەکە کار بکەن هاوکارییان بکات، زیاتریش لەوەی ئێستا هەیانە. بەڵێنم داوە لەگەڵ پارێزگاری نەینەواش بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە قسە بکەم. ئەمانە بابەتی سادەن. دڵنیام بەڕێوەبەری گشتی توانای بەدواداچوونی زۆرێک لەم شتانەی هەیە و دەتوانێت لەگەڵ کەسانی دیکەی ئەوێ پێکەوە چارەسەریان بکات. بەڵام ئەمە لەگەڵ هەر جۆرە پرۆگرامێکی وەک ئەمە پرۆگرامەدا ڕوو دەدات.

پێویستە داواکارییەکان پشتڕاست بکرێنەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی ئەو کەسانەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی-یان بۆ دانراوە، سوود لە یاساکە دەبینن، بەڵام هیوادارم نەگاتە ئەو ڕادەیەی کە ببێتە بەربەست و بۆ وەرگرانی قەرەبووەکان و ببێت بە بابەتێکی زۆر بەئازار بۆیان. ئینشائەڵڵا بەدواداچوونی بۆ دەکەم.

ئێستا دوو ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر دەستکردن بە جێبەجێکردنی یاساکەدا، بەڵام هێشتا ئۆفیسێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ڕزگاربووان لە دهۆک نییە، کە لە ڕاستیدا زۆربەری ئەو ڕزگاربووانەی قەرەبووەکان دەیانگرنەوە لەوێ نیشتەجێن. هیچ پێشنیارێکت هەیە لەسەر ئەوەی حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن لەسەر ئەم دۆزە هەماهەنگی بکەن؟

ئەمە پرۆگرامێکی فیدڕاڵییە، لەبەرئەوە ئۆفیسی سەرەکی لە نەینەوایە، شەنگالیش لەڕووی ئیدارییەوە بەشێکە لە پارێزگای نەینەوا. بەڵێ، بەدڵنیاییەوە دەزانم کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕزگاربووان لە دهۆکن، ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییە ڕزگاربووەکان ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە و لە دهۆک و ناوچەکانی دەوروبەری دەژین. بۆیە زۆر ئاساییە کە خەڵکەکە پێشبینی ئەوە بکەن لە دهۆکیش ئۆفیسێک بکرێتەوە بۆیان. من خۆم لەسەر ئەم بابەتە قسە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، پێکەوە لەگەڵ وەزیر[ی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی] قسەی لەسەر دەکەین و بزانین باشترین شت چییە بیکەین. پێم وایە ئەمە داواکارییەکی ڕەوایە و دەبێت بەدوایدا بچین. سوپاس کە بیرت خستمەوە.

یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی بەڕوونی باسی ئەو گرووپە کەمینانە دەکات کە لەلایەن داعشەوە بەتەواوی کرابوونە ئامانج. بەڵام بەدڵنیاییەوە قوربانییانی دەستی داعش خەڵکی سەر بە هەموو ئایین و نەتەوەکانن. بەو پێیەی جەنابتان لە بواری قەرەبووکردنەوەدا پێشەنگ بوون، بە ڕای بەڕێزتان پێویستە چ ڕێکارێکی دیکە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی هەموو ڕزگاربووان یارمەتییان پێ بگات؟

بە بڕوای من، داعش ڕێکخراوێک بوو لە تاوانکاری و توندڕەویەکەیدا هاوتای نەبوو. ناتوانین نکووڵی لەوە بکەین کە بەشێک لەمە لە ناوخۆوە سەرچاوەی گرتبوو. بەدڵنیاییەوە هۆکاری بەشێک لەمە شکستمان بوو لە بواری ئەمنی و سیاسیدا، تەنانەت لە سیستمی پەروەردەشدا کە ڕێی دا کەسی توندڕەوی لەو شێوەیە دروست ببن و گەشە بکەن. بەڵام سەرهەڵدانی داعش بەو شێوەیەی سەری هەڵدا و وێرانکردنی ئەو ناوچانەی دەستی پێیان گەیشت، بە شەنگال و تەلەعفەر و نەینەواشەوە و هەڕەشەکردن لە زۆر ناوچەی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان و شوێنی دیکەش، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە داعش بەتەنیا نەبوو. خەڵک و لایەنی دیکەش هەبوون کە یارمەتییان دەدا. بۆیە پەلکێشکردنی ئەو تاوانبارانەش بۆ بەردەم دادگا و دادپەروەری زۆر گرنگە. دەبێت ئەوانەش کە لە دەرەوە لەڕووی سەربازی و داراییەوە یارمەتیی داعشیان دا لێپرسینەوەیان لەسەر ئەم تاوانە لەگەڵ بکرێت. دەبێت باجی تاوانەکانیان بدەن. نەک هەر تەنیا خەڵک و لایەنی دەرەکیش، بەڵکو هەندێک لە ناوەوە هۆکار بوون، کەمتەرخەم بوون و نەیانتوانی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەو کۆمەڵگە و ناوچانە بپارێزن. بە بڕوای من باسکردنی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی داعش و کچە ئێزدییەکان بە بەخشینی پارچە زەوییەک پێیان یان بڕینەوەی مووچەیەکی مانگانە بۆیان یان هەر شتێکی دیکەی مادی، قەرەبووکردنەوەی ڕاستەقینە نییە. ئەمە تاوانێکی ئێجگار گەورە بوو، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر خەڵک گیانیان لەدەست دا، بەرائەتیان و هەر شتێکیان هەبوو زەوت کرا، لەبەر ئەوە هیچ ڕێگەیە نییە، هیچ بڕە قەرەبوویەک ناتوانێت ئەوانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە. هیوادام ئەم ئەزموونە قورسە، ئەم تاوانە قێزەونە ببێتە هۆکارێک لەڕێیەوە بتوانین هەر کەس و لایەنێک- نەک هەر تەنیا ڕێکخراوی داعش خۆی- بەڵکو هەر کەسێک کە یارمەتیی دان و پارەی دانێ، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و وەک تاوانبار بناسێنرێن. هیوادارم ئەمە ڕوو بدات، هەرچییەکیشم لە دەست بێت بۆ ئەوە، دەیکەم.

ئامۆژگاریی جەنابت چییە بۆ سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەروەها بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بابەتی جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕابردوودا بەگشتی؟

کارەکە تەواو بکەن، سەرچاوەی پێویستی بۆ دابین بکەن، کۆتایی بە ڕۆتیناتەکان بهێنن. با ئەوە بکەین کە باسم کرد، با بەجدی کار بکەین بۆ دروستکردنی کەمپینێکی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی تاوانکاران و بردنیان بۆ بەردەم دادگا تا بەرپرسیاریەتی تاوانەکانیان بەرانبەر ئێزدییەکان و عێراقییەکانی تر و هەموو جیهان بە گشتی هەڵبگرن.

لێرەوە دەتوانیت گوێ لە پۆدکاستی دەزگای ژیان بگریت.

پۆستی پەیوەندیدار
چوارەمین هەواڵنامەی هاوپەیمانی دەربارەی یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزیدی

چوارەمین هەواڵنامەی هاوپەیمانی دەربارەی یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزیدی

خوێنەری نوێترین هەواڵنامەی هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە بن دەربارەی یاسای رزگاربووانی ئێزدی هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە (C4JR) بە پاڵپشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق ، زنجیرە هەواڵنامەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی بە سێ زمان بڵاودەکاتەوە...

بۆنە هاوبەشەکانی C4JR لە ماوەی ١٦ ڕۆژی چالاکیەکاندا : بە کەڵک وەرگرتن لە توانای گواستنەوەی قەرەبووکردنەوەکانی تووندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکانی عێراق

بۆنە هاوبەشەکانی C4JR لە ماوەی ١٦ ڕۆژی چالاکیەکاندا : بە کەڵک وەرگرتن لە توانای گواستنەوەی قەرەبووکردنەوەکانی تووندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکانی عێراق

.Thank you to Nwa Khalid for translating this text from the original post لە پێنجەمین ڕۆژی ١٦ ڕۆژی چالاکی دژ بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ، لە هاوپەیمانێتی بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕەوا C4JR بە شانازیەوە میوانداری بۆنەیەکیان کرد لە هەولێر لەگەڵ...

دووەمین هەواڵنامەی تایبەت بە یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزدی

دووەمین هەواڵنامەی تایبەت بە یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزدی

هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە، بە پاڵپشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق، هەواڵنامەی بەردەوام لەسەر یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی بە زمانەکانی: کوردی(کرمانجی و سۆرانی)، عەرەبی، ئینگلیزی بڵاودەکاتەوە. بفەرموون بە خوێندنەوەی هەواڵنامەکە بە زمانەکانی کوردی...

خۆت تۆمار بکە بۆ خوێندنەوەی هەواڵنامەکەمان

خۆت تۆمار بکە بۆ خوێندنەوەی هەواڵنامەکەمان

خۆت لە لیستی هەواڵنامەکەماندا تۆمار بکە بکە بۆ ئاگاداربوون لە هەواڵ و نوێکارییەکان سەبارەت بە یاسای ڕزگاربووانی ئافرەتانی ئێزیدی.

بە سەرکەوتوویی خۆت تۆمار کرد.