fbpx

یارمەتیدانی قوربانییانی ململانێکی سەردەمی داعش لە عێراقدا تا تێبگەن کە مافی قەرەبووکردنەوەیان هەیە

پەیامی میدیایی، عێراق

بڵاوکراوەتەوە لە ته‌مموز 12, 2020

ڕزگاربووان و خێزانەکانیان ناتوانن لەوە زیاتر چاوەڕێ بکەن ڕەشنووسی یاسای تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی ئەو توندوتیژییە سێکسییانەی پەیوەندییان بە ململانێکانەوە هەبووە و لەماوەی ململانێکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا ڕوویان داوە

زیاتر لە ساڵێک تێپەڕێوە بەسەر ئەو ڕۆژەدا کە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق یاسای ژنان و کچانی و ڕزگاربووی ئێزیدی پێشکەش بە پەرلەمان کرد بۆ خوێندنەوە و قبووڵکردن. ئەمە هەنگاوێکی زۆر باش بوو، بەڵام ئەم بابەتە پێویستی بە بەرەوپێشچوونی زیاترە.

٢٥ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی عێراقی، پێکەوە هاوپەیمانێتییەکیان دروست کردووە بەناوی “هاوپەیمانێتی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە” و کاریان کردووە لەسەر داڕشتنی ڕەشنووسی یاسای تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی ئەو توندوتیژییە سێکسییانەی پەیوەندییان بە ململانێکانەوە هەبووە و لەماوەی ململانێکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا کەلە عێراقدا ڕوویان داوە. ئامانجیشیان لەمە ئەوە بووە تیشک بخەنەسەر پێداویستییەکانی ڕزگاربووان.

هاوپەیمانێتی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە دەیەوێت بابەتی قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕزگاربووانەی بەهۆی جەنگ و ململانێکانی داعشەوە لە عێراقدا توندوتیژیی پەیوەندیدار بە ململانێی سێکسییان بەرامبەر کراوە بکاتە بابەتێکی گشتی، ئەوەیش بەئامانجی بەرەوپێشبردنی یاسای ژنان و کچانی ڕزگاربووی ئێزیدی و پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە.

ڕەشنووسی یاسای هاوپەیمانێتی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە:

  • هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڕزگاربووی توندوتیژیی سێکسیی پەیوەندیدار بە ململانێکانی سەردەمی داعشەوەن لە عێراقدا، بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنگیریی نەتەوەیی و ئایینی، ڕەگەز، شوێنی نیشتەجێبوون یان ناسنامەی ئەو کەسانەی کە تاوانەکانیان بەرامبەر کردوون،
  • دژ ناوەستێتەوە لەگەڵ “یاسای ژنان و کچانی ڕزگاربووی ئێزیدی” بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو یاسایە بنیات نراوە (کە ئەمانە لەخۆدەگرێت: حوکمەکانی پەیوەست بە قەرەبوکردنەوە، ناساندنی ئەو تاوانانەی دژ بە ئێزیدییەکان کراون وەک جینۆساید، ڕێگرتن لە دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوون بۆ تاوانباران، یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی کارەساتەکان و زۆر شتی دیکەش).
  • ڕەشنووسەکە بنیات نراوە لە سەر ئەو ستانداردە نێودەوڵەتییانەی مافەکانی مرۆڤ کە بەکاردێن بۆ ڕێکخستنی قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی ئەو دەستدرێژییە سێکسییانەی لەنێو ململانێکاندا ڕوو دەدەن،
  • هەر تەنیا باسی قەرەبووکردنەوەی ماددی تێدا نییە (مووچەی مانگانە، زەویی نیشتەجێبوون، ماڵ-دانانەوە و یارمەتیدان لە دابینکردنی داهاتی ژیاندا) بەڵکو چەند ڕێکارێکی دیکەی قەرەبووکردنەوەشی تێدایە (گەڕاندنەوە بۆ سەر دۆخی پێش ململانێکان (دووبارە خستنەوە سەر کار، خستنەوە بەرخوێندن، دووبارە بنیاتنانەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژێرخانی ئابووری و شوێن و سونبولە ئایینییەکان)، ڕاهێنانەوە (تەندروستیی دەروونی، خزمەتگوزارییە پزیشکی و یاساییەکان، دەرفەتە پەروەردەییەکان، پرۆگرام بۆ خستنەسەر کار و خۆژیاندن، ڕاوێژیی خێزانی و پرۆگرامی تایبەت بە پێشخستنی کۆمەڵگە)، قایلکردن و دڵدانەوە (داننان بەوەدا کە ئەوەی داعش کردی بەرانبەر ئێزیدییەکان و کەمینەکانی دیکە جینۆساید و تاوانی ئێجگار گەورە بوون، پۆزش هێنانەوە و داوای لێبوردنکردن، دیاریکردنی چەند ڕۆژێک بۆ یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی هەندێک لە ڕووداوەکان وەک (“ڕۆژی نیشتیمانی بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژیی سێکسیی لە ململانێکاندا” هەروەها “ڕۆژی نیشتیمانیی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان”)، دروستکردنی مۆنۆمێنت و دەستکاریکردن و گونجاندنی پرۆگرامەکانی خوێندن)، گرەنتی دووبارەنەبوونەوە (چاکسازییەکی یاسایی بەمەبەستی ڕیگەگرتن لە دووبارە دروستبوونەوەی توندوتیژیی ڕەگەزیی و فەراهەمکردنی یەکسانیی ڕەگەزی))
  • جەخت لەسەر پابەند بونی حکومەت دەکاتەوە لە گەڕان بە شوێن ئەو کەسانەدا کە دیار نیین و ئەو ڕزگاربووانەی هێشتا لەلای داعش دەستبەسەرن، ئەوەیش لەڕێی دروستکردنی داتابەیسێکی تایبەت و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ ئەو خێزانانەی ئەندامی بێسەروشوێنیان هەیە، هەروەها کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئێسک و پروسکی ئەوانەی مردوون بۆ خێزانەکانیان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شایستە بنێژرێن،
  • پشتگریی ئەوە دەکات کە خێزانەکان ئەو تێچووە داراییانەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە کە لە هەوڵەکانیاندا بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ئەندامەکانیان خەرجیان کردوون،
  • کاریگەرییەکی گواستراوە دروست دەکات ئەوەیش لەڕێی ڕێگرتن لە توندوتیژیی جێندەری و هەوڵدان بۆ هێنانەکایەی یەکسانی لە یاسادا و لەسەر ئەرزی واقیعیش، لەنێوان ژنان و پیاوان لە عێراقدا،
  • هانی ڕزگاربووان دەدات کە بەشێوەیەکی چالاکانە و گرنگ بەشداریی لە جێبەجێکردنیدا بکەن،
  • هانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەدات کە بەشدارییەکی بەرچاویان هەبێت لە جێبەجێکردنیدا،
  • ڕەچاوی باشترین بەرژەوەندی دەکات بۆ ئەو منداڵانەی لەڕێی توندوتیژیی پەیوەندیدار بە ململانێکانەوە لەدایک دەبن،
  • چاودێریکردنێکی سەربەخۆی دەرەکیی لەخۆ دەگرێت و ساڵانە چاودێریی هەموو ئەو خەرجییانە دەکرێت کە پەیوەندییان بە قەرەبووکردنەوەکانەوە هەیە، ئەوەیش بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی گەندەڵی و خراپ-بەکارهێنانی داهات و کۆمەکەکان،
  • رێکارەکانی پێشکەش کردنی داواکاریی قەرەبووکردنەوە تیایدا پرۆسەیەکی ئاڵۆز نییە و ئەو ستانداردانەی دەبێت بگیرێنە بەر لە پێشکەشکردنی بەڵگەکاندا ئاسانن ئەوەیش بۆ ئاسانکردنی ئەو لەمپەرانەی ڕەنگە ڕزگاربووان بێنە بەردەمیان کاتێک دەیانەوێت بەڵگە پەیدا بکەن بۆ پشتگیریکردن لە داواکارییەکانیان،
  • مافی ئەوە دەداتە ڕزگاربووان کە ئەگەر بۆ جاری یەکەم داواکاری قەرەبووکردنەوەیان ڕەت کرایەوە، تانە لە بڕیارەکە سەرەتاییەکە بدەن.

بە دەرکردنی ئەم یاسایە، دەسەڵاتدارانی عێراق نەک هەر تەنیا پابەندی خۆیان بەو بەیاننامە هاوبەشەی نێوان کۆماری عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەسەلمێنن کە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ڕێگەگرتن و نیشاندانی کاردانەوە لە بەرانبەر توندوتیژیی پەیوەندیدار بە ململانێوە واژۆیان کردووە، بەڵکو دەبنە نموونەیەکیش بۆ ئەو دەوڵەتانەی دیکە کە ململانێ تیایاندا ڕووی داوە و فێریان دەکەن چۆن ئەوانیش دان بنێن بەو تاوانانەدا کە بەرامبەر ڕزگاربووانی توندوتیژیی پەیوەندیدار بە ململانێوە ئەنجام دراون و چۆن ڕێز لە ڕزگاربووان بگرن و زیانانەکانیان بۆ قەرەبوو بکەنەوە.

هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە بانگهێشتی ڕزگاربووان، دەسەڵاتدارانی عێراق، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و هەموو کەسێکی نیەت-باش دەکات کە پشتگیری لەو چارەسەرانە بکەن کە لە ڕەشنووسی یاسای هاوپەیمانێتییەکەدا هاتوون، بەدیلی باشتر بدۆزنەوە یان قبووڵیان بکەن و بێنە ناو بابەتەکەوە.

ڕەشنووسی یاسای هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە بە زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و کوردی بەردەستە.

ئەم پەیامە میدیاییە بەردەستە بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، کوردی (سۆرانی و کرمانجی سریانی هەروەها تورکمانی.