لێرەوە گوێ لە پۆدکاستەکە بگرن بە زمانی ئینگلیزی:
باسکردنی(وەسفکردنی) ئەڵقەکە:
کاتێک مرۆڤ بیر لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان(IOM) دەکاتەوە، ڕەنگە پرسەکانی بەڕێوەبردنی کۆچ و پاراستنی کۆچبەران و هاوکاری مرۆیی لەبەرچاو بگرێت. بەڵام لە دۆسیەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیدا (YSL)، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) لەعێراقدا ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی بۆ دامەزراوە عێراقییەکان و کۆمەڵی مەدەنی و ڕزگاربووان، ئەمەش بووە هۆی دەرکردنی خودی یاساکە لە مانگی ئازاری ساڵی (2021)دا، و زنجیرەیەک دەسکەوت لەو کاتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بەکردارەکی هاتەدی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ڕزگاربووان هەماهەنگی کرد لەهەوڵەکانی جێبەجێکردندا، لیژنەکە پێداچوونەوە بە داواکارییەکاندا دەکات و بودجەی فیدراڵی پارە تەرخان دەکات. پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاریی زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکردو تا ئێستا زیاتر لە 1000 هەزار ڕزگاربوو مانگانە موچەکانیان وەرگرتووە (گوێگران دەتوانن ناویان تۆمار بکەن لە هەواڵنامەی مانگانەی هاوپەیمانیی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە لێرە بۆ ئەوەی ئاگاداربن لە نوێترین ئامارەکان).
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ چۆن خۆی لە کارەکانی “قەرەبووکردنەوە” دا بینیەوە و سروشتی ڕۆڵی لە پاڵپشتیکردنی قەرەبووکردنەوە لە عێراقدا چۆنە؟ کام لە بڕگەکان قورسترین و- و گرنگترینن – بۆ جێبەجێکردن؟ ئەو ئاڵنگارییە ڕاستەقینانە چین کە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە هیوادارن ببینن ڕزگاربووان ئەو دادپەروەرییە مانادارە بەدەستبهێنن کە لە ژێر دادپەروەریی راگوزەردا بەڵێنی پێدراوە، و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەبێ چ ڕۆڵێک بگێڕن لە پشتگیریکردنی ڕزگاربووان بۆ بەدیهێنانی مافی قەرەبووکردنەوە بەپێی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی؟ هاوپەیمانیی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە(C4JR) لەگەڵ سەرۆکی تیمی قەرەبووکردنەوەی عێراقی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) ، ساندرا ئۆرلۆڤیچ(Sandra Orlovic) دانیشت بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسانەو چەندانی تر لە گفتوگۆیەکی فراواندا کە سوود لە ئەزموونی بەرفراوانی خۆی لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا لە ساڵانی ڕابردوودا وەرگرت.
وەک باسی دەکەین، یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی یاسایەکی گشتگیرە کە لە تێگەیشتنی باوی قەرەبووکردنەوە تێدەپەڕێت و جگە لە قەرەبووکردنەوە، دووبارە شیاندنەوە، زەوی، نیشتەجێبوون، خوێندن وپەروەردە، دامەزراندن، ناساندنی جینۆساید، گەڕان بە دوای بێ سەروشوێنەکاندا، گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ خێزانەکانیان، یادکردنەوەیان و هەروەها – بەدواداچوون بۆ دادپەروەریی تاوانکاریی. تەنانەت “یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی”باس لەوە دەکات کە ئامانجی ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان. گفتوگۆکەمان لە مانگی تشرینی دووەمی(2023)دا، تۆمارکراوە.
دەق:
پێشەکی: بەخێربێن بۆ ئەڵقەیەکی نوێی پەخشی دەنگ (پۆدکاست)ی هاوپەیمانیی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە، “زیاتر لەمەرەکەب لەسەر کاغەز”، کە لەڕێگەیەوە دەنگە پەیوەندیدارەکان لەدەوری یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی کۆدەکەینەوە، کە زۆرجار لەلایەن هەندێک لەڕزگاربووانی تاوانەکانی داعشەوە بە ” مەرەکەبی سەر کاغەز” ناوزەد کراوە، ئەمەش بۆ دەربڕینی گومانەکانیان سەبارەت بەپابەندبوونی حکومەت بە قەرەبووکردنەوەی چاوەڕوانکراو کە بەپێی یاسا گەرەنتی کراوە. ئێمە قسە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەین کە کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم قسەیە وانییە، وتیشکێکی سەرتاپاگیر (گشتگیر) بخەینە سەر پرسەکانی دادپەروەریی راگوزەر(ئینتقالی) ولێپرسینەوە لەعێراقدا، لە ڕێگای هەوڵدان وبەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە.
ئالانا تراڤێرز: ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی تیمی قەرەبووکردنەوەی سەر بەڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە عێراقدا (IOM)، ساندرا ئۆرلۆڤیچ قسە دەکەین. ساندرا پارێزەر وچالاکێکی بوارەکانی مافی مرۆڤە و گەنجینەیەک لەشارەزایی وئەزموون لەبواری دادپەروەریی راگوزەر لەناوچەیەکی دیکەی دوای ململانێکانەوە لەگەڵ خۆیدا هێناوە بۆ عێراق، ئەویش یوگۆسلاڤیای پێشووە. لە ئێستادا ساندرا لەوڵاتی عێراقدا نیشتەجێیە وسەرکردایەتی تیمی قەرەبووکردنەوەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) لەعێراقدا دەکات و پاڵپشتیی جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی دەکات. ساندرا، مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ بتوانم بەناوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی عێراقەوە کە “هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە” پێکدەهێنن، هەروەها بەناوی دامەزراوەی ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ گفتوگۆیەکت لەگەڵدا ئەنجام بدەم.
بۆ ئەو گوێگرانەی کە ڕەنگە تازە ئاشنابن بەم چەمکانە، هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە (“C4JR”)هاوپەیمانییەکە لە (33)ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی عێراقی پێکهاتووە. ئەم هاوپەیمانییە لەپێناو یارمەتیدانی ڕزگاربووانی دوای شەڕ وململانێکانی داعش لەعێراقدا دامەزراوە، بۆ بەدەستهێنانی مافی قەرەبووکردنەوەیان، شانبەشانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM)، ولایەنی دیکە کاردەکەن. ئێمە هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی تەواوی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی ساڵی (2021)دەدەین، کە لەبنەڕەتدا بەرنامەیەکی قەرەبووکردنەوەی سەرتاپاگیرە ولەلایەن دەوڵەتەوە پارەدار دەکرێت.
بۆ زانیاری(وەک پێشینەیەک)، یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی، قەرەبووی ئەوکەسانە دەکاتەوە کە سەر بەیەکێک لەم گروپانە بێت: ڕزگاربووانی ئافرەتانی سەروو هەژدە ساڵ (پێگەیشتوو) وئافرەتانی خوار هەژدە ساڵ (ناکام-منداڵ) کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەدیلگیرابوون ولەپێکهاتەکانی ئێزیدی، شەبەک، مەسیحی یان تورکمان بن، هەروەها پیاوانی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون ولەکاتی ڕفاندنیاندا تەمەنیان لەخوار هەژدە ساڵەوە بووە، وهەروەها هەموو ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لەپێکهاتەکانی ئێزیدی، شەبەک، مەسیحی یان تورکمانن ولەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون وخودی خۆیان لەڕووداوێکی دیاریکراودا لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکانی کۆمەڵکوژیدا(جینۆساید) لەدەست داعش ڕزگاریان بووە. داواکاری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ڕزگاربووان دەکرێت، کە دەزگایەکی حکومییە وبەم دواییانە لە عێراقدا بەسەرپەرشتیی وەزارەتی کار ودابینکردنی کۆمەڵایەتی سەر بەحکومەتی فیدراڵی دامەزراوە.
سەرەتا، ساندرا سوپاس بۆ ئێوە کە لەبەغداوە لەگەڵمان دەبیت. پرسیاری یەکەمم ئەوەیە، بۆچی زۆر گرنگە کە یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی دەستی بگاتە هەموو ڕزگاربووان ودۆخی ئێستای جێبەجێکردنی لە عێراقدا چۆنە؟
ساندرا ئۆرلۆڤیچ: سوپاس ئالانا، خۆشحاڵی وشانازییە کە لەم گفتوگۆیەدا بەشدار بم. باشترە کە گرنگیی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی، لەڕێگای چیرۆکە تاکەکەسییەکانی ئەو سوودمەندانەوە روونبکرێتەوە وباسبکرێت کە پێشتر هەندێک سوودی بەرجەستەیان لە یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی بینیوە. زیاتر لە هەزار(1000) سوودمەند کەزۆرینەیان ژنانی سەر بەکۆمەڵگای ئێزیدین، دەستیان کردووە بەوەرگرتنی مووجەی مانگانە وهەندێکیشیان دەستیان کردووە بەوەرگرتنی هەندێک خزمەتگوزاریی سەرەتایی تەندروستی دەروونی. ئەوان(قوربانییەکان) دەڵێن ئەم یاسایە کاریگەری بەرچاوی لەسەر ژیانیان هەبووە، هەرچەندە جێبەجێکردنی یاساکە لەقۆناغێکی زۆر سەرەتاییدایە، بەڵام ئەوەی کە بەزۆری وەک جیاوازییەکی یەکلاکەرەوە (چارەنووسساز) لەژیانیاندا ئاماژەی پێدەکەن، ئەوەیە کە بەم مووچە مانگانەیە، دەتوانن هەندێک سەربەخۆیی وشکۆ(کەرامەت) بەدەستبهێننەوە وپلان بۆ خۆیان وئەندامانی خێزانەکەیان دابنێن بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هاوکاریی مرۆیی یان پشتیوانی وهاوکاریی دارایی کەس وخزمە دوورەکانییان بن. لەسەر ئەم ئاستە کردەیی ومرۆییە، پێموایە جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی لە ئێستادا، چەند گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لەژیانی ڕزگاربوواندا هێناوەتە ئاراوە.
لەسەر ئاستێکی سەرتاپاگیرتر بۆ هەموو کۆمەڵگا کە بەهۆی کۆمەڵکوژییەوە زیانی بەرکەوتووە، دەمەوەێ بڵێم کە یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی تروسکاییەکی (چاوێکی) پڕ لەهیوا وئاماژەیەکی مانادارە بۆ پێکهاتەی ئێزیدی، شەبەک، تورکمان وپێکهاتەی مەسیحی، کە بەئاستی جیاواز کاریگەریی کۆمەڵکوژیی داعشیان لەسەر بوو. ئەوان هەستیانکرد کە پارێزراو نەبوون لەو ماوەیەی کە تێیدا داعش ڕووبەرێکی فراوانی خاکی عێراقی کۆنترۆڵکردبوو، یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی وپەسەندکردنی لە پەرلەمان وپابەندبوونی بەهێزی حکومەتی عێراق بۆ پارەدارکردنی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ئاماژەیەکە بۆ ئەم پێکهاتانە(کۆمەڵگایانە) کە دەسەڵاتدارانی عێراق گرنگییان پێدەدەن. ئەم پێکهاتانە داوای دادپەروەری و دانپێدانانی فەرمی(ڕەسمی) دەکەن، بۆ ئەوەی بۆیان دەربکەوێت کە ئەوان لەم وڵاتەدا قەبوڵکراون وجێگایان دەبێتەوە ئایندەیەکیان هەیە. من دەڵێم یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی، یاسایەکی دادپەروەری راگوزەری زۆر ئارەزوومەند وئاواتخوازانەیە ونەک تەنها قەرەبووکردنەوە دەگرێتەوە، بەڵکو داوای دادپەروەری ولێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژی وگەڕان بە شوێن کەسانی بێسەروشوێن ویادکردنەوەش دەکات. بەڕاستی گرنگە بەردەوام بین لەهەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە.
ئالانا: لەڕووی تەکنیکییەوە، یاسایەک پێشبینی ئەوەی لێبکرێت کە خزمەتگوزاریی سەرتاپاگیر پێشکەش بکات، زۆر ئەستەمە لەهیچ شوێنێکدا جێبەجێ بکرێت، نەک تەنها لەعێراقدا. ئایا دەتوانن بیر لەچەند ساڵی ڕابردووی کارکردن لەسەر قەرەبووکردنەوە لەعێراقدا بکەنەوە وهەندێک لەبەربەست وئاڵنگاری (تەحەددیات)یەکان کە هاتۆتە ڕێتان ودەستکەوتەکان تا ئەو شوێنەی پێیگەیشتوون لگەڵماندا باسبکەن؟ دوو ساڵە ئەم یاسایە دەرچووە ویەکەم کردەی قەرەبووکردنەوەش تەنها ئەمساڵ دابەشکرا. بۆیە تاراددەیاک سەرکەوتنەکان درەنگ کەوت، بەڵام دڵنیام ساڵانێکی زۆر ئامادەکاری بۆکراوە پێش ئەوە، بۆیە بەلامانەوە گرنگە ئەگەر لەگەڵماندا باسی بکەیت.
ساندرا: بەپشتبەستن بەپێوەرەکانی ئامادەباشیی دامودەزگاکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لەوڵاتانی دیکەدا کە یاسای هاوشێوەیان هەیە، زۆر ئەستەمە ئەگەر بمانەوێت ئەم یاسایە لەعێراقدا جێبەجێ بکەین. چونکە تاکە دامەزراوەی سەرەکی لەعێراقدا کە بەرپرسیارە لەجێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی، هێشتا سەرچاوە وپێداویستییە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەی بۆ دابین نەکراوە، کە بریتین لە کەسان وکارمەندانی ئەو دامەزراوانەی کە دەبێت ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. هەندێک کەس زۆر ڕەخنەگرن ودەڵێن، بۆچی بەڕێوەبەرایەتییەکە کارمەندی زیاتری نییە، یان بۆ کاراتر نییە؟ ئێمە دەزانین، وهەرکەسێک لەعێراق بژی وئاگاداری بارودۆخی عێراق بێت، دەزانێت کە مەسەلەکە لەڕاستیدا پەیوەندیy بەنەبوونی ویست وئیرادەی سیاسییەوە نییە بۆ پشتیوانیکردن لەبەڕێوەبەرایەتییەکە، بەڵکو خودی واقیعی ژیانی سیاسی ودەسەڵاتی عێراقە، کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وبگرە پێش ئەوەش بە زنجیرەیەک قەیرانی یەک لەدوای یەکدا تێپەڕیوە. قەیرانێکی سیاسییە لەگەڵ زنجیرەیەک توندوتیژی. هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە وتەواوکردنی پرۆسەی دامەزراندنی کارمەندان وبەدەستهێنان ودابینکردنی هەموو سەرچاوەیەکی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە هەیە.
بە واتایەکی تر من پێم وایە دەستەی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتییەکە وبەڕێوەبەر، بڕیارێکی بوێرانەیان داوە بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی یاساکە، بەتایبەتی پڕۆسەی پڕکردنەوە وپێشکەشکردنی فۆرمی داواکارییەکان. هەرچەندە هەموو پێداویستییەکان ومەرجی پێش وەختە وسەرچاوەی پێویستییان لەبەردەستدا نەبوو، یاخود زۆر کەمبوو بۆ دەستپێکردنی ئەم جێبەجێکردنە.
لەوێدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM)، وڕێکخراوەکانی دیکە وڕێکخراوە ناوخۆییەکان پشتگیریان لەم پرۆسەیە کرد. ئەم پشتگیرییە ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لەسەرەتای پرۆسەی پێشکەشکردنی فۆرمی داواکارییەکاندا. وەک ئاماژەتپێدا، پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان و جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لەهەر وڵاتێکدا ئەرکێکی قورس دەبێت، چ جای عێراق. دەبینی کە ئەم ئاڵنگاری وبەربەستانە لەکایەی گشتیدا باس دەکرێن وگفتوگۆ وکرانەوەیەکی باش وئەرێنی لەنێوان هەموو ئەوانەی کە پشتیوانی ئەم پرۆسەیەن لەئارادایە. وەڵامەکانی ئەم ئاڵنگاری وبەربەستانە چین؟ ڕۆڵی هەریەکەمان لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا چییە؟
ئالانا: سوپاست دەکەم، با بچینە سەر خودی یاساکە. ئێوە وڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) پشتیوانیتان لەدەسەڵاتدارانی عێراق کرد لەکاتی داڕشتن وڕاوێژکردن ودەرکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیدا. شاراوە نییە کە هەندێک بەش لەرەشنووسی پڕۆژە یاساکەدا کە سەرۆک کۆماری عێراق لەساڵی (2019)دا پێشکەشی کردبوو لابراون، وەک چارەسەرکردنی دۆخی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە لەدایک بوون. لەگەڵ ئەوەشدا دوا وێنەی(کۆپی) ئەم یاسایە کەبڕیاری لەسەردرا، لەڕووی بابەتییەوە یاسایەکی تەواو نایابە. ئایا ئێوە لەدوا وێنەی(کۆپی) یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیدا کە لەپەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە، ڕازین؟ بەڕای ئێوە گرنگترین بڕگەکانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی کامانەن، وکام بڕگانە قورسترینن بۆ جێبەجێکردن؟
ساندرا: ڕەنگە گرنگترین ڕەهەند یان تایبەتمەندیی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی، سروشتە گشتگیرەکەی بێت. چونکە ئەم یاسایە داوای جێبەجێکردنی دادپەروەرییەکی راگوزەری سەرتاپاگیر دەکات، بۆ ڕزگاربووانی کۆمەڵکوژییەکان لەو چوار پێکهاتەیەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە. دەگمەنە لەسەر ئاستی جیهان، بە بەراورد لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکەدا کە ئەزموونی تاڕادەیەک هاوشێوەی ململانێ وکۆمەڵکوژییان هەیە، چوارچێوەیەکی سەرتاپاگیری لەم شێوەیە پەیڕەو بکات. یاساکە زۆر کورتە، تەنها (13) ماددەیە، بەڵام هێشتا بناغەیەکی تۆکمە بۆ پرۆسەی دادپەروەریی راگوزەر فەراهەم دەکات. بەڵێ، گرنگی بە قەرەبووکردنەوە دەدات لەبەر هۆکارێک: ئەویش قەرەبووکردنەوەیە بە پلەی یەکەم بۆ ئەو ئافرەتانەی کە لەلایەن داعشەوە بەدیلگیرابوون. هەموومان دەزانین کە ئەم بەدیلگرتنەش لەزۆربەی کەیسەکاندا توندوتیژی سێکسی دڕندانەی بەدوای خۆیدا هێناوە وئەم تایبەتمەندییەش وایکردووە کە ئەم یاسایە ناوازەبێت. دووەم تایبەتمەندیی ناوازەی ئەم یاسایە، ئەو گرنگیدانە تایبەتەیە بەو ئافرەتانەی کە لەدیلێتی داعش ڕزگاریان بووە، و بەئەزموونی دڕندانەی توندوتیژی سێکسی وکۆیلایەتی سێکسیدا تێپەڕیون. عێراق یەکێکە لەو چەند وڵاتە دەستنیشانکراوەی جیهان، کە دان بەم قوربانییانەدا دەنێت وئەم پۆلە دەستنیشانکراوە لەڕزگاربووانی سڤیل لەدەست کۆمەڵکوژی، وەک پۆلێکی جیا بەبێ بەکارهێنانی هیچ زاراوەیەکی تەڵخ، بەڵکو بە وشەی زۆر سادە و ڕوون و جەخت لەسەرکراو پێناسەیان دەکات. هەروەها عێراق، یەکەم وڵاتە لەنێو وڵاتە عەرەبەکاندا کە ڕێبازێکی دادپەروەرانەی لەو شێوەیەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکانەوە.
بە بڕوای من ئەم دوو تایبەتمەندییە، ناوازەترینن. یەکێک لەتایبەتمەندییە ناوازەکانی تری ئەم یاسایە، باسکردنی ڕزگاربووەکانە کە ئێستا لەدەرەوەی عێراقدا دەژین، ئەم یاسایە نەک هەر تەنها بەئاماژە پێکردن باسی کردوون بەڵکو وەک سوودمەند دایناون، مەبەستمان ئەو ڕزگاربووانەیە کە وڵاتیان بەجێهێشتووە. ئێمە دەزانین کە سەدان لەو ڕزگاربووانە بە خاو وخێزانەوە لەوڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئوسترالیا، ئەمریکا، سوید، و چەند وڵاتێکی تردا نیشتەجێ کراون، ئەوانیش هەموو سوودمەند دەبن لەیاساکە.
لەڕاستیدا، لەکۆی ئەو 1300 سوودمەندەی کە تا ئێستا لەلایەن لیژنەی پشتڕاستکردنەوەوە بەدواداچوونییان بۆ کراوە وکەیسەکانییان پشتڕاستکراونەتەوە، نزیکەی 200ڕزگاربوو هەن کە لەدەرەوەی عێراقدا دەژین وسوودمەندن لەیاساکە. بۆیە دەمەوێت جەخت لەسەر ئەم تایبەتمەندییەی یاساکەش بکەمەوە.
ئالانا: سوپاس. کەمێک پەیوەست بەم باسەوە بەڵام هەنگاوێک بۆ دواوە، سەرنجڕاکێشە کە چۆن ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) بەشداری کردووە لەپشتگیریکردنی بەرنامە وپرۆسەی قەرەبووکردنەوە لەعێراقدا. ڕەنگە کاتێک کەسانێک کە هێندە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەعێراقەوە نییە، بیر لەم ڕێکخراوە(ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان) دەکەنەوە، تەنها بیر لە پاراستنی کۆچبەران و ئەم جۆرە هاوکارییە مرۆییە دەکەنەوە. بەڵام لە دۆسیەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیدا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە لە پێشکەشکردنی هاوکاریی تەکنیکی بۆ دامەزراوە عێراقییەکان و کۆمەڵی مەدەنی و ڕزگاربووان و دەشزانم ئێوە لە بەغدا سەرقاڵی ئەم کارەن. چۆن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ(IOM) خۆی لە کایەی قەرەبووکردنەوەدا دۆزیوەتەوە، بەتایبەتی لە عێراقدا، بەڵام ئایا لە هیچ شوێنێکی تر ئەم کارەی ئەنجامداوە؟
ساندرا: سوپاس، ئەم قسەیەی تۆ زۆر ڕاستە وزۆرجار ئەم پرسیارەمان لێدەکرێت. بیرکردنەوە لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) وەک کەسێک کە ئەرکی پشتگیریکردنی بەرنامەکانی قەرەبووکردنەوەی لە هەر وڵاتێکدا هەبێت، شتێکی ئاسان نییە. بەڵام بەشداریکردنەکەمان لە دوو رێڕەوەوە سەرچاوەدەگرێت. یەکێک لەوانە دامەزراندنی مێژوویی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) بوو لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، کە(IOM) پاڵپشتیی ئەو پەنابەرانەی دەکرد، کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەچوون، بگەڕێنەوە وڵات وشوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان. بەم پێیە، ئەگەر بەخێرایی بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ساڵانی (2000)، دەبینین حکومەتی ئەڵمانیا داوای لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) کرد، هەتاوەکو ئاسانکاری بۆ دووەم گەورەترین بەرنامەی قەرەبووکردنەوەی پەیوەست بە جەنگی جیهانیی دووەمەوە بکات، کە تێیدا حکومەتی ئەڵمانیا قەرەبووی قوربانیانی کۆیلایەتی و کاری زۆرەملێی(سوخرە) سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمی دەکردەوە. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM)،کارئاسانی بۆ داواکارییەکانی قەرەبووکردنەوە دەکرد وداواکارییەکانی لە دەیان وڵاتی جیهاندا جێبەجێ کردووە. ئەمەش هەوڵێکی مەزن بوو بۆ تەواوی ڕێکخراوەکە، چونکە زیاتر لە 200 هەزار داواکاری لەڕێگای ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچەوە(IOM) چارەسەر وجێبەجێ کرا.
هێدی هێدی دوای ئەو بەشداریکردنە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە بەرنامەی قەرەبووکردنەوەی ناڕاستەوخۆ بۆ هۆلۆکۆستی ڕۆما و چەند بەرنامەیەکی دیکەی قەرەبووکردنەوەی بچووکتر کە پەیوەست بوون بە جەنگی جیهانی دووەمەوە بەشداربوو، و دواتر وردە وردە دەستکرا بە جێبەجێکردنی ئەم شارەزاییە ناوخۆییە لە سەرانسەری جیهاندا بۆ چارەسەرکردنی ململانێ درێژخایەنەکان یاخود ئەوململانێیانەی کە بەم دواییانە کۆتاییان هاتبوو، لەوانەش سیرالیۆن، سریلانکا و کۆڵۆمبیا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) هێشتا گەورەترین بەرنامەی دادپەروەریی راگوزەری هەیە و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتەکاندا کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی چوارچێوەی دادپەروەریی راگوزەری تایبەت بەهەر وڵاتێک. بێگومان لەعێراق وبۆسنە ویەک دوو وڵاتی تر ئەم بەرنامەیەمان هەیە. ئەمەش سەرەتای مێژوویی بەشداریکردنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ(IOM)بوو لە پرۆسەی دادپەروەریی راگوزەردا و بە تایبەتی بەرنامەکانی قەرەبووکردنەوە. بەڵام پەیوەندییەکی گرنگیش هەیە وئەمەش دووەم ڕێڕەوە کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM) لە ڕێگایەوە دەچێتە ناو ئەم پرۆسانەوە، بەمەش دەتوانین پەیوەندیی نێوان بەرنامەکانی قەرەبووکردنەوە و ئەرکی بنەڕەتی وسەرەکیمان ببینین.
ئەرکی سەرەکیمان پشتگیریکردنە لە کۆچی شکۆمەندانە، کە لە ڕێگایەوە ئێمە، بە تایبەتی لە وڵاتانی دوای ململانێدا(تازە دەرچوو لەململانێکان)، باس لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی کۆچ دەکەین. لەم هەرێمەدا و لە ڕێگای ستراتیژی ناوچەییمانەوە بۆ ئەم هەرێمە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانمان وەک ڕێکخراوێک، چارەسەرکردنی ئەو پاڵنەرە سەرەکییانەیە کە دەبنە هۆکاری ململانێکان. ئەگەر لە سروشتی وڵاتانی ئەم ناوچەیە بڕوانین، هەروەها لەهەندێک ناوچەی دیکەی جیهانیشدا، دەبینین پاڵنەر وبزوێنەری سەرەکیی ململانێکان نەبوونی دادپەروەرییە. زۆرجار مرۆڤ بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچ دەکەن، بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن، بەدوای پارێزگارییەکی باشتردا دەگەڕێن، بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێن، بۆیە وڵاتانی ئەم ناوچەیە بەجێدەهێڵن و روودەکەنە ئەوروپای ڕۆژئاوا یان وڵات وناوچەی تر کە تێیدا هەست دەکەن، ئارامی وسەلامەتی زیاتر، دانپێدانانی زیاتر، حوکمڕانیی باشتر، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، پاراستنی مافەکانیان و ….هتد، دەستەبەرکراوە.
بەم مانایە، بەرنامەکانی قەرەبووکردنەوە داڕێژراون بۆ پشتگیریکردن لە ڕزگاربووان لەپێناو چاکبوونەوە(ساڕێژبوون) و گەڕاندنەوەی(وەرگرتنەوەی) مافەکانیان، هەروەها بۆ نیشاندانی ڕووخساری نوێی حکومەت و ئامادەیی بۆ قەرەبووکردنەوەیان لەبری کەمتەرخەمی و کەمتوانایی لەپاراستنی هاوڵاتییەکانیدا. ئەمەش لەگەڵ ئەرکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لەگەڵ چوارچێوەی گشتیی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامدا دەگونجێت، کە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و ئاشتی ئامانجی سەرەکیی ئەو گەشەپێدانەیە وئەمەش لە بنەڕەتدا ئەرکی هەموو دەزگاکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکانە(UN).
ئالانا: سوپاس. وەڵامێکی زۆر تێروتەسەل بوو، منیش حەز دەکەم ئاماژە بۆ ئەو ئامادەیی و ئارەزووەی بەرپرسانی حکومەتی عێراقی بکەم بۆ پشتگیریکردنتان لەم هەوڵانەدا. چونکە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاومان بینی. لایەنێکی تری سەرنجڕاکێشی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی کە چەمکی تێگەیشتنی گشتیی قەرەبووکردنەوە تێدەپەڕێنێت، هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی تاوانکاریی، کە دەزانین ئەمەش ئاڵنگارییەکی ڕاستەقینەیە لە عێراقدا، ئامانج ومەبەستیشی ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان. ئەم یاسایە زیاتر چوارچێوەیەکی دادپەروەریی راگوزەرە وەک لەوەی یاسایەکی ئاسایی قەرەبووکردنەوە بێت، و ئەمەش لایەنگیری وبەشدارییەکی بەرچاو لە کەرتە جیاوازەکانی حکومەت لە سەرانسەری وڵاتدا لەخۆدەگرێت. پەیوەست بەو پرسیارەی کە ئاڕاستەم کردیت سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، ئێوە تا چەند پێتان وایە کە بەرپرسانی حکومەت پشتگیریی ئەم لایەنانەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی دەکەن، هەروەها ئەو لایەنانەش کە تێگەیشتن لێیان ئاسانترە،وەک: زەوی وزار، خانووبەرە و پەروەردە وخوێندن؟
ساندرا: لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، بابەتێکە لەکاتی ئێستادا پایەیەکی بەرزی لە کارنامەی(ئەجێندای) سیاسی عێراقدا هەیە، بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی بڕیارنامەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە یونیتاد(UNITAD)و درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکەکەیان(رێگەپێدانەکەیان) تا مانگی ئەیلولی 2024، پەیامەکەم بینی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕزگاربووانەوە بڵاوکرایەوە سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ئەرکی یونیتاد(UNITAD)، کە نیگەرانییەکی ڕەوای لەلایەن کۆمەڵی مەدەنی وڕزگاربووانەوە وروژاند، چونکە ئەم لێپرسینەوەیە بە توندی پەیوەست بوو بە ئەرکی یونیتادەوە(UNITAD)، و ئێستا نیگەرانی هەیە کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەرکەکەدا ، ئەگەرەکانی لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ڕەنگە بە سادەیی لە بەغداد ون بێت. بەڵام وەڵامیبەڕێز سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیشم بینی بۆ ئەم نامەیە، کە تیایدا کۆمەڵێک پابەندگیریی(ئیلتیزام) بەهێز هەیە کە ئەم حکومەتە بەڵێنی پێداوە سەبارەت بە بەدواداچوونی لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، و ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسایەک بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی. لەلای خۆیەوە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM)، پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربووان کردووە وکارئاسانی کردووە بۆ سازکردنی چەندین دانیشتنی گفتوگۆی نیشتمانی لەگەڵ هەندێک لە دامەزراوەکانی عێراقدا سەبارەت بەم یاسایە.
پێموایە بەڕاستی شەش بۆ دە مانگی داهاتوو لەم ڕووەوە سەرنجڕاکێش دەبێت، لە ڕزگاربووان، کۆمەڵگاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە داواکاریی زۆر بەهێز(قورس)لەئارادایە، لە چاوەڕوانی ئەوەی کە حکومەت بەڵێنی لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی جێبەجێ بکات، چونکە وەک لە هەر کۆمەڵگایەکی تردا، نەبینینی ئەم بەشەی دادپەروەریی راگوزەر و نەبینینی دادپەروەری لە هۆڵی دادگادا ئەو هەستە دروستدەکات کەپرۆسەی دادپەروەری لەم کۆمەڵگایەدا ناتەواوە، هەرچەندە کە جێبەجێکردنی بەرنامەی قەرەبووکردنەوەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت. پرۆسەی جێبەجێکردنی یاساکە بێ کێشە نییە، بەڵام بە باشی بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەگەر بەرنامەی قەرەبووکردنەوە لە یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیدا بە تەواوەتیش جێبەجێ بکرێت، ئەگەر پرۆسەی لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی نەبێت، پێم وایە کە قوربانییەکان وکۆمەڵی ڕزگاربووان نائومێد دەبن و هەست بە بێهیوایی دەکەن. من گەشبینم. ئێمە وەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM)، لەلای خۆمانەوە هەوڵدەدەین پشتگیریی حکومەت و کۆمەڵی مەدەنی و ڕزگاربووان بکەین، بۆ بەردەوامبوون لە داکۆکیکردن و گفتوگۆ بەرەو گەیشتن بە ئامانجی خوازراو، ئەمەش ئەو یاسایەیە کە دەبێتە ڕێگە دەدات بە دادگاییکردنی ئەندامانی داعش بەتۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە عێراقدا.
ئالانا: سوپاس. ئێمە نەخشەڕێگای یونیتاد(UNITAD) پەیڕەو دەکەین، بابزانین چۆن بەرەوپێش دەچێت. من بە تەواوی لەگەل تۆدا هاوڕام، زۆرێک لەو ڕێکخراوانەی کە هاوپەیمانیی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە پێکدەهێنن بەم هەواڵە ترساون و زۆر نیگەرانن. بۆیە دەبێت بزانین ئایا حکومەت دەتوانێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)دا، هەندێک لەو نیگەرانیانە کەم بکاتەوە، هیوادارم وەهابێت. پەیوەست بەم باسەوە، ناچار بووم پرسیار دەربارەی ئەو پرسانەی بەم دواییانە بکەم کەکاریگەرییان لەسەر ئەو ڕزگاربووانە هەبووەکە ناچاربوون سکاڵای تاوانبارکردن لە ڕێگای دادگاکانی تاوانی عێراقەوە تۆماربکەن و بەڵگەنامەی لێکۆڵینەوەی فەرمی پێشکەشبکەن، بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بە پێی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی لەبەرچاوبگیرێ، کە ڕێکارێکە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی ڕزگاربووانی ئێزیدیدا ڕێی پێنەدراوە، بەڵکو ئەنجامی بڕیاری لیژنەی مادەی (10) بوو. ئێمە جارێکی دیکە کاردانەوەمان لە دژی ئەمە بینیوە و ڕزگاربووان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت. هەڵوێستی هاوپەیمانیی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە ئەوەیە کە ئەمە پێچەوانەی ئامانج و مەبەستی ئەوانە لە یاساکە، کە بۆ ئاسانکردنی رێکارەکانی سەلماندن داڕێژراوە لەپێناو کارئاسانی لە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکاندا. بێگومان ڕەخنەگران دەڵێن ئەم جۆرە پێوەر ودیسپلینانە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی داواتۆمارکردنی ناڕەوا، پێویستە. بەڵام لە بنەڕەتدا، بەشێک لە ڕزگاربووە بێدەسەڵاتەکان لە دەرەوەی بازنەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیدا دەمێننەوە. لەوانەش، منداڵانی ئێزیدی و ڕەنگە ئەوانەی کە لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێین و ناتوانن ئەو بەڵگەنامانە پێشکەش بکەن. هەڵوێستی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لەم بارەیەوە چییە و چۆن دەتوانین بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەدا زاڵبین کە لەم دۆخەدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە؟
ساندرا: ئێمە لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنەدا کۆکین ئەم داواکارییە سەربارە، دوای دەستپێکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان و دوای پەسەندکردنی ڕێساکان وئەو پەیڕەوانەی کە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان ڕێکدەخەن زیادکرا، بەڕاستی پێشهاتێکی مایەی داخ بوو. ئەوەندەی ئێمە بیزانین، ئەم مەرجە هیچ شتێکی ئەرێنی بۆ پرۆسەکە نەهێناوە، بە پێچەوانەوە، وەک وتم، بارگرانییەکی زیاتری بۆ ڕزگاربووان هێناوە، ڕێکارەکان ئاڵۆزتر درێژتر دەکاتەوە، ئەمەش وادەکات کە قەرەبووکردنەوە بۆهەندێک لە ڕزگاربووان قورس یان ئەستەم بێت. بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەم مەرجە بمێنێت، ژمارەیەک لە ڕزگاربووان لە دەرەوەی بەرنامەی قەرەبووکردنەوەکەدا دەمێننەوە، جا ئەمانە ڕزگاربووی کۆمەڵگا نا ئێزیدیەکان بن، یان منداڵی ئێزیدی بن، یاخود ئەو ڕزگاربووانە بن کە لە دەرەوەی وڵاتن.
من لە زۆر هەڵمەتی داکۆکیکردندا بەشدارم، چ لە لایەنی بەڕێوەبەرایەتی و چ لە لایەنی حکومەتەوە، هەروەها لە لایەنی کۆمەڵی مەدەنی و لایەنی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە، لەپێناو هەوڵدان وداکۆکیکردن بۆ لابردنی ئەو مەرجە ، بەڵام ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکاندا، ئەم مەرجە هەروەک خۆی ماوە. بێگومان هێشتا ئەگەری دەرفەتێک هەیە، بەڵام لە دوای ساڵێک لە پرۆسەکە ئەگەرەکانیش کەمترن لە ساڵێک پێش ئێستا. سادەترین وەڵام ئەوەیە، کە ئێمە هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە ئەمە پێشهاتێکی جێگای داخ ومایەی بێئومێدی بوو، بە تایبەت کە نە لەیاساکەدا و نە لە ڕێساکاندا ئەم مەرجە وەک مەرجێکی پابەندگیر(ئیلزامی) باس نەکراوە. بێگومان بەڵگەنامەکانی دادگا وەک یەکێک لە بەڵگە گریمانەکراوەکان باسکراون، بەڵام وەک بەڵگەی پابەندگیر(ئیلزامی) باسنەکراون. گەلێک شت هەن کە هێشتا دەتواندرێت ئەنجام بدرێن، و ئەم مەرجە زیادەیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕزگاربووان نییە، وەک باشترکردنی هاوکاریی نێوان دامەزراوە فیدراڵییەکان وکوردستان (هەرێم)دا لەڕووی گۆڕینەوەی بەڵگەکانەوە، بەڵام ئەمە شتێکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM)دایە وهەمووان کەم تا زۆر ئاگاداری کێشەکانن و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدەن.
ئالانا: دەبێت زیاتر پەیوەندیت بە کەیسە(حاڵەتە) تاکەکەسییەکانەوە هەبێت،ئەمەش مایەی سەرنجە. لەسەر کاغەز پرۆسەکە لۆژیکی ومانابەخشە، بەڵام تا زیاتر قسە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەیت کە بەو بارەدا تێپەڕیون یا تێدەپەڕن، زیاتر بۆت دەردەکەوێت کە ڕاستییەکان لە واقیعدا بۆی هەیە زۆر ئەستەم وقورس بن. پەیوەست بەم باسەوە، هاوپەیمانیی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە، کە پێکدێت لەکۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی عێراقیی فرەجۆر و هەوڵی وروژاندنی هەندێک بابەتی دەستنیشانکراو دەدەن، وەک ئەم باسە تایبەتە وهەروەها بابەتی دیکەش، لەڕووی یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووان بۆ بەدیهێنانی مافی قەرەبووکردنەوەیان بەپێی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی. تۆ پێت وایە ئەم ڕێکخراوە مەدەنیانە دەبێت چ جۆرە ڕۆڵێک بگێڕن؟ ئایا پێت وایە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گەورەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە “یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی”یەوە، بەدەستنیشانکراوی؟
ساندرا: هەر لە سەرەتای گفتوگۆکان ودواتریش ڕاوێژکردن لەسەر ناوەڕۆک و رەگەزەکانی “یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی” و پەسەندکردنی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە عێراقدا ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە. زێدەکارییەکان، داکۆکیکردن وفشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کەدەیکەن، بۆ نموونە، کاتێک کەباسەکە پەیوەستە بەڕێکارەکانی پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان وپێوەرەکانی سەلماندن و ناوەڕۆکی ئەو پەیڕەوانەی کە بۆ ڕێکخستنی ڕێکارەکانی پێشکەشکردنی داواکارییەکان و پاراستنی ئەو رێبازەی کە جەخت لەسەر رزگاربووان دەکاتەوە، مەرجی بنەڕەتی بوون بەلایەنی کەمەوە لەسەر کاغەز. بەداخەوە داواکاری ومەرجە زیادکراوەکان دوای دەستپێکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان هاتن، لە دەرەوەی بازنەی ڕێساکاندا، ئەم مەرجانە زیاتر پەیوەندی بە هەندێک چوارچێوەی ترەوە هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێز وبەهای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەم قۆناغەدا زۆر بە ڕوونی دەرکەوت. ئێستا کە هەنگاو دەنێین بۆ جێبەجێکردن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی(CSOs)، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی. هەروەها هەندێکیان یارمەتی ڕزگاربووان دەدەن لە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکاندا و چەند ئەندامێکی هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە، وەک فەریدا گڵۆباڵ (Farida Global) یان یەزدا (Yazda) و هەندێک ڕێکخراوی دیکە، پشتگیریی دەیان ئەگەر سەدانیش نەبن لە ڕزگاربووانیان کردووە لە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکاندا، و هەندێک ڕێکخراوی ناحکومی دیکە(NGOs) بە هەمان شێوە لە کۆمەڵگە نائێزدیەکانیشدا هەمان رۆڵیان بینیوە. شایانی باسە، بەتایبەتی بۆ ڕزگاربووانی پێکهاتە نائێزیدی و شەبەک و تورکمانییەکان، ئەو پشتیوانییەی لە چالاکوان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکانەوە وەریدەگرن، پشتیوانییەکە لە هیچ شوێنێکی دیکە بەدەستییان نەهێناوە. ئەوان نەیاندەتوانی داواکاری پێشکەش بکەن و ڕێنمایی بکرێن لەم پرۆسەیەدا ئەگەر ئەم ڕێکخراو و چالاکوانانە نەبوایە. کاری زیاتر هەیە کە دەبێت ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر چۆنییەتی پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان. هەندێک جار، هەندێک زانیاری هەن کە تەواو ڕاست نین یان هەندێک نوێکاری لە ڕێکارەکەدا هەبووە کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ئاگاداری نەبوونە، و ڕەنگە زانیارییە دروستەکان نەگەیشتبێتە خەڵک وەک خۆی. لێرەدا بەرپرسیارێتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش دەردەکەوێت کە دەبێت پشتگیری ڕێکخراوەکانی تر بکەن بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە.
لە کۆتاییدا، ڕۆڵی کۆمەڵی مەدەنی کە لەئێستا گرنگتر بووە، ئەویش بریتییە لە هاوبەشییەکی زۆر فەرمی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربوواندا سەبارەت بە پێشکەشکردنی تەندروستی دەروونی و خزمەتگوزاری دەروونی کۆمەڵایەتی. وەک دەزانین ئەم پێکهاتەیەی دووبارە شیاندنەوەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی، ڕەنگە پڕ ئاڵنگاریترین پێکهاتە بێت. ساڵانێکی زۆری دەوێت بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی دامەزراوەیی بۆ دووبارە شیاندنەوە لە چوارچێوەی “یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی”دا، تا بەرێوەبەرایەتی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی دەگەنە ئەو خاڵەی کە بتوانن سەنتەری تایبەتمەند بکەنەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووان، دەبێت پشت بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ببەستن. بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕێککەوتنی لەگەڵ چەندین ڕێکخراو لە عێراق واژوو کردووە کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەوە ڕزگاربووانی ڕەوانەکراو وەردەگرن و بەگوێرەی توانا و شارەزایی خۆیان خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەن. کەواتە، کاری زۆر هەیە کە دەبێ ئەنجام بدرێت. گەلێک شت هەیە کە دەتوانرێت باشتر بکرێت، بەتایبەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و گۆڕینەوەی زانیاری، بەڵام هەمووان لە یەک بەرە دان سەبارەت بەوەی کە دەیانەوێت سوودەکانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی ببینن کە بە زووترین کات دەگەیەنرێتە ڕزگاربووان.
ئالانا: سوپاس، ئەمە خاڵێکی باشە سەبارەت بە دابینکردنی تەندروستیی دەروونی، چونکە زۆرێک لەو ڕێکخراوە ناحکومیانەی (NGOs) کە ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم پشتیوانییەیان لەسەرە، ئەندامی هاوپەیمانیی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەن، بۆیە دەتوانن پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵی مەدەنی و دەسەڵاتداران ببینن. ئێمە بە درێژایی چاوپێکەوتنەکە باسی ئەمەمان کرد، بەڵام زۆرجار دەوترێت کە مافی قەرەبووکردنەوە دوای ململانێی چەکداری بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان باسکراوە، بەڵام جێبەجێکردنی زۆرجار دوادەکەوێت. مایەی خۆشحاڵییە کە زۆر کەس بە ئەرێنی لە یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی بڕوانن و بە هیوای جێبەجێکردنی بن، بەڵام زۆر کەسیش گاڵتەی پێدێت چ لەرزگاربووان و چ لە خەڵکی عێراقیش، لەوانەی کە نیگەرانن کە ئەم دۆخە بەردەوام بێت. پرسیارەکەی من ئەوەیە، ئایا هیچ ئامۆژگارییەک یان هیوایەکتان هەیە بۆ ئەوەی باسی بکەن لەبارەی چۆنییەتی زاڵبوون بەسەر ئەم ئاڵنگارییانەدا لەسەر ئاستی جیهانی و بەتایبەتیش لە عێراقدا، بۆ بەردەوامبوونی فشارخستنە سەر لەسەر یاساکان و هەموو ئەو شتانەی کە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ساندرا: تەواو ڕاست دەکەیت. نموونەی ئەو وڵاتانە زۆرن کە یاسای خاڵبەندییان سەبارەت بە قەرەبووکردنەوە هەیە، بەڵام جێبەجێکردنەکەیان سەرکەوتوو نەبووە. ئومێدێکی زۆرم هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە عێراقدا، بەتایبەتی کە باوترین هۆکاری جێبەجێنەکردنی بەرنامەکانی قەرەبووکردنەوە یاخود ناتەواوی لەجێبەجێکردنیدا، بودجە و سەرچاوەی داراییە. بەگشتی وەک دەزانن لە قۆناغەکانی دوای ململانێکاندا، حکومەتەکان بەدەست قەیرانی دارایی وکورتهێنانی بودجە و پێویستییەکی زۆر بۆ وەبەرهێنان لە بواری ژێرخانی ئابووری و هتد…دەناڵێنن. پێم وایە عێراق لە دۆخێکی جیاوازدایە، و داهات و بودجەی زۆر بەهێزی هەیە. بۆیە کاری لەپێشینەی زۆری هەیە، لەوانە گەشەپێدان وژێرخان و وەبەرهێنان وڕەخساندنی هەلی کار. بەڵام پێموایە لە پلانی فراوانتری ئەرکەکانیدا، هەبوونی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی بە مەزەندەکردنی 5000 هەزار سودمەند و هەندێک تێچووی مەزەندەکراوی ئەو یارمەتییانە، زیانێکی ئەوتۆ بە حکومەتی عێراق ناگەیەنێت.
گەورەترین ئاڵنگاریی کە من دەبینم و شتێک کە دوو، سێ ساڵی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت، بەدامەزراوەییکردنی بەشێک لە پێکهاتەکانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدییە، بەتایبەتی کاتێک باس لە بەرنامەی قەرەبووکردنەوە دەکرێت و لێرەدا بە تایبەتی ئاماژە بە بنکەکانی(ناوەندەکانی) دووبارەشیاندنەوە و چاودێریی تەندروستی دەکەم کە گریمانەیەکی زۆر ڕوونن لە چوارچێوەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیدا. ئەمەش پێویستی بە سەرچاوەیەکی زۆرو وزە و هەوڵێکی زۆر دەبێت، نەک تەنها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربووانەوە ،چونکە ئەم دامەزراوەیە ناتوانێت بە تەنها ئەو کارە بکات. بەڵکو بە بەشداریکردنی چەندین وەزارەت و دەزگای دیکە. دیمەنی گشتی لە عێراقدا ئەوەیە کە دەناڵێنێت بەدەست کەمیی سەرچاوەی پێویست لە سیستەمی چاودێریی تەندروستیدا، بەتایبەتی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پسپۆریدا. ئەمە شەڕێکی سەخت دەبێت. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەم پێکهاتەیە(پاکێجە) لە بواری دامەزراوەیی تەندروستیی دەروونی و پشتگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتی (MHPSS)، و دووبارەشیاندنەوە ، و دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوەکانی دووبارەشیاندنەوە ، دەبێتە پێوەر و ئاماژەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەرکەوتنی جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی.
یەکەم شت کەدەتوانین بیبینن بەشێوەیەکی کردرەکی، ئەوەیە کەتەنها لە ماوەی ساڵێکدا (1300) ڕزگاربوو لە کاتی بڵاوکردنەوەی یاساکەوە پشتڕاستکراونەتەوە، ئەمەش زۆر کاراترە لە پرۆسەکانی ئەو وڵاتانەی کە بەرنامەی ئامادەکاریی هاوشێوەیەیان هەیە. ئەمەش بەڕاستی دەستکەوتێکی نائاساییە. دەمەوێت بڵێم کە دەستکەوتی دواتر تایبەت دەبێت بەدووبارە شیاندنەوە و ساڵێک یان دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام پێموایە لە ئێستاوە هەندێک نیشانە هەیە و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکات بە مەبەستی دەستپێکردنی پرۆسەی پەرەپێدانی ئەم ناوەندانەی دووبارە شیاندنەوە. هێشتا زۆر زووە، بەڵام من دانپێدانانێک لەلایەن حکومەتەوە دەبینم، کە بەڕاستی ئەمە پێویستە و بەبێ ئەمە جێبەجێکردنی یاساکە ناتەواو دەبێت.
ئالانا: ئەوە وەڵامێکی زۆر باشە، چونکە یەکێک لە پرسیارەکانی ترم ئەوە بوو کە چۆن حوکم لەسەر سەرکەوتنی جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی بدەین. ڕەنگە کەسانی تر بڵێن، خوێندن، زەوی یان خانووبەرە دێت. زۆر لایەنی جیاوازی یاساکە هەیە کە بە کردەوە دەتوانیت هەر شتێک هەڵبژێریت. پێویستە بە گوێگران بڵێین کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) ڕێککەوتنێکی بەستووە بۆ پشتگیریکردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ڕزگاربووان، پێدەچێت مایەی خۆشحاڵی بێت کەڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لێرەیە بۆ مانەوە و پشتگیریکردن لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە. ئایا ئەمە ڕاستە؟
ساندرا: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. پلانمان هەیە بۆ دوو سێ ساڵی داهاتوو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی و بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. بەڕاستی لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە گرنگییەکی زۆر دەدرێت بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە. هاوکات لەگەڵ ئەو بەڵێنە دارایی و سیاسیانەی حکومەتی عێراق داویەتی، بەڕاستی دەرفەتەکان زۆرباشن. کاری زۆەمان لەپێشە، ئاڵنگارییەکان زۆرن، هەندێکیشیان زۆر بەسادەیی لە دەرەوەی چوارچێوەی “یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی”یەوەن و پەیوەستن بە کێشە گشتییەکانی سیستەمی حوکمڕانی و ئیدارەی عێراقەوە. بەڵام نابێت ئیرادەی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ڕەت بکرێتەوە. لە سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا کەس نەیگوتووە ئەم یاسایە دەبێت هەڵبوەشێتەوە، یان پارەدارکردن دەبێت بوەستێت. هەمووان ئەو بەهایە دەبینن کە ئەم یاسایە لە پاڵپشتیکردنی پێکهاتەکانی ئێزیدی و شەبەک و تورکمان و مەسیحی لە عێراقدا دەیھێنێت.
ئالانا: سوپاس و دوا پرسیار! ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پاشخانی خۆت، دەزانم پێشتر لە وڵاتانی یوگۆسلاڤیای پێشوو و بەڵکانی ڕۆژئاوای ئەمڕۆدا کارت کردووە، وەک بە بەڵگەنامەکردنی(دۆکیۆمێنتکردنی) تاوانە نێودەوڵەتییەکان، کارکردن لەسەر قەرەبووکردنەوە، ڕاستی و هتد. من دەپرسم، ئایا دەتوانیت هەندێک لە ئەزموونەکانی ئەوێت باسبکەیت، و ئەو وانانەی کە لە کارکردن لە دەقێکی جیاوازدا فێری بوویت، یان ڕەنگە تۆ دەقێکی یان شێوازێکی زۆر هاوشێوە بڵێیت و هەندێک لەو شتانەی پێشتر بینیوتانە لە عێراقدا کە بەکردەوە وکردارەکی جێبەجێکراون لەڕووی دووبارەبوونەوە و بە باشی ڕۆیشتوون، دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکان، کارکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و کۆمەڵی مەدەنی و هتد. ئایا زۆرجار هاوتەریبن ؟ هەر تێڕوانینێک لەسەر ئەوە سەرنجڕاکێش دەبێت. سوپاس بۆ کاتهکهت.
ساندرا: بەڵێ، باشە من بە دەگمەن ئەم دوو کۆنتێکستە بەراورد دەکەم چونکە لە ڕووی سروشتی ململانێ و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە تەواو جیاوازن. قۆناغی دوای ململانێ و چۆنیەتی بەدیهێنانی دادپەروەریی راگوزەر. پرۆسەکانی دادپەروەریی راگوزەر لە باڵکان کەوتە ژێر فشاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، لە کاتێکدا لە عێراق زیاتر خۆڕسک بوو. من پێشتر باسی ئەوەم نەکردووە بۆ کەس، بەڵام پێموایە دەبوو ئەوەم بوتبایە، کە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی پەسەندکردنی “یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی”، ئازایەتی (نادیە موراد) بوو. کە زۆر زوو دوای بەدیل گرتنی و ئەوەی بەسەریدا هات، قسەی کرد. بوێری ئەوەی هەبوو کە بچێتە دەرەوە بۆ جیهان قسە بکات لەسەر ئەوەی کە چی ڕوویداوە. پێموایە ئەمە تێڕوانینی ئەوەی کە بەسەر ژنانی ئێزیدی و ژنانی دیکەی پێکهاتەکانی دیکەی ژێر دەستی داعشدا هات گۆڕی. مۆدێلی(پارادایمی) توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێی نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا گۆڕی، کە دواتر دانی پێدا نرا لەرێگای خەڵاتی نۆبڵەوە بۆ ئاشتی کە بەخشرایە نادیە موراد (Nadia Murad و د. دێنیس موکوێگ Dr. Denis Mukwege).
لێکچوونێکی زۆر نییە. من دەڵێم ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە هەردوو دەقەکەدا هاوشێوەیە: تاکی بوێر و جۆرەها پشتیوانی بەرفراوان بۆ کۆمەڵگا زیانلێکەوتووەکان و قوربانییەکان. ئەمە شتێکە کە هاوتەریبە و کاریێکی دۆکیۆمێنتاریی گرنگە. بەڵام پێموایە لێکچوونەکان لە شوێنێکدا لە دەوروبەری بەشداریکردنی کۆمەڵی مەدەنیدا دەوستن. ئێستا دادپەروەریی راگوزەر لە باڵکانی ڕۆژئاوا لە پاشەکشەدایە و چیرۆکێکی زۆر درێژ و ئاڵۆزە. بێگومان هەمووان تیۆری تایبەت بە خۆیان دێننە ئاراوە کە بۆچی ئێستا ئەم پرۆسەیە لە باڵکاندا بەرەو پاشەکشە دەڕوات. بەڵام پێموایە ئەم کارلێککردنە لەنێوان فشارەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پرۆسەی خۆڕسک، لە بناغەوە بۆ سەرەوە شانبەشانی یەکتر نەرۆیشتووە و ڕەنگەبۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر، ئێمەی کارەکتەرە ناوخۆییەکان، زۆر وابەستە بووبین بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوەو پێمان وابوو کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەموو شتێک چارەسەر دەکات، بەتایبەتی دوای دامەزراندنی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان لە یوگۆسلاڤیای پێشوو. ئێمە ئەو هەوڵەمان تەنها وەک سەرەتایەک دەبینی، بەڵام لە کۆتاییدا سەرەتاو کۆتایی دادپەروەریی راگوزەر بوو لە یوگۆسلاڤیای پێشوودا. بێگومان جگە لە هەندێک ئاوارتەکردنی گرنگ، چەندین دادگاییکردن وبەدواداچوونی دادگایی نیشتیمانی لە (بۆسنە)دا هەیە، تەنانەت بۆ کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگیش. بەڵام (بۆسنە) لە ڕووی دادگاییکردنی نیشتمانییەوە وڵاتێکی نامۆیە لە ناوچەکەدا.
لە ئێستادا ئەوەی بەڕاستی مایەی داخە،دوای نزیکەی بیست وپێنج ساڵ لە کۆتایی هاتنی ململانێکانی کۆسۆڤۆ، پەیوەندیی نێوان نەتەوەکان لە ناوچەکەدا بەڕاستی لە دۆخێکی خراپدایە. پەیامی ڕق و کینە زۆرە، ئەو نەوە گەنجانەی کە دوای شەڕ لەدایک بوون، بەڕاستی شوێن ئەم گێڕانەوەیە ناسیۆنالیستیانە دەکەون. سیستەمی پەروەردە هێشتا پڕە لەم گێڕانەوە ناسیۆنالیستیانە. بەشێوەیەکی گشتی چیرۆکێکی زۆر نائومێدکەرەو، وە دەمەوێت بڵێم زۆر درێژە. بۆ پۆدکاستێکی تر هەڵیدەگرین.
ئالانا: دەبێت تەواوی بکەین، بەڵام باشە با کۆتایی پێبهێنین. ئەمانە کێشەی درێژخایەنن و چارەسەری خێرایان نییە. ئەوەی تا ئێستا لە یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی لە عێراقدا بینیومانە، هیوایەکی زۆری بۆ زۆر کەس هێناوە، و چەندین ئاڵنگاریی بۆ کەسانی دیکە هێناوە. هیوادارم ئەو کەسانەی گوێیان لەم پۆدکاستە بووە، کەمێک زیاتر تێگەیشتنیان بۆ ڕۆڵی (IOM)لە گفتوگۆداکاندا هەبێت. بەدواداچوون بۆکارەکانی هاوپەیمانیی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە بکەن، چونکە هیوادارین لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بەشداری نوێکارییەکانتان بین، و بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە جێبەجێکردنی یاساکە. زۆر سوپاس ساندرا، بۆ کاتەکەت و پشتگیری بەهێزت و زانیاری و تێڕوانینەکانت بەڕاستی گفتووگۆکردن زۆر خۆشبوو لەگەڵتدا.
ساندرا: سوپاس، ئالانا