یارمەتیدانی قوربانییانی ململانێکی سەردەمی داعش لە عێراقدا تا تێبگەن کە مافی قەرەبووکردنەوەیان هەیە

نووسراوی ڕا و هەڵوێستەکان

بەشی یەکەم: داواکارییە بنەڕەتییەکان

پرۆگرامێک یان زیاتر لە پرۆگرامێکی گشتگیری بەڕێوەبردن دروست بکرێن کە ئامانجیان دابینکردنی قەرەبووکردنەوە بێت بۆ قوربانییان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

دەبێت قوربانییان مافی ئەوەیان هەبێت لەڕی دامەزراوە یاساییەکانەوە، جا مەدەنی بن یان تایبەت بن بە تاوان، داوای قەرەبوو بکەن، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت کە بەڕوونی گوترابێت مافی داواکردنی قەرەبوویان نییە. نابێت داواکردنی قەرەبووکردنەوەکان لەچوارچێوە پرۆسە مەدەنی و جینائی و ئیدارییە پەیوەندیدارەکاندا سنووردار بکرێت.

بەشی دووەم: دەستنیشانکردنی سوودمەندان

هەموو ئەو خەڵکە مەدەنییانە بە قوربانییان هەژمار دەکرێن کە ڕاستەوخۆ ئازاریان چەشتووە بەهۆی ئەو کارانەوەی کە بوونەتە هۆی پێشێلکاریی قورسی مافەکانی مرۆڤ و لەسەر دەستی ململانیی چەکداری لایەنەکانی ناو شەڕی داعش لە عێراقدا و لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٨ ڕوویان داوە.

دەبێت هەموو قوربانییان دەرفەتی ئەوەیان بدرێتێ دەستیان بگات بە قەرەبووکردنەوەکان. بۆ ئەوەی دەستیان بگات بەو سوود و خزمەتانەی لەچوارچێوەی پرۆگرامی قەرەبووکردنەوەکەدا پێشکەش دەکرێن، خێزانی پلەیەک (دەبێت ئەمە بەلای کەمەوە دایک و باوک، باپیر و نەنک، خوشک و برا، هاوسەر، منداڵ بگرێتەوە) یان نەوەی ئەو قوربانییانەی کە مردوون یان بێسەرشوێنن (ئەوانەی پێیان دەوترێت “قوربانیی ناڕاستەخۆ”) دەبێت ئەوانیش وەک قوربانیی هەژمار بکرێن. ئەو منداڵانەیش کە بەزۆر خراونەتە یەکە سەربازییەکانەوە بە قوربانیی لەقەڵەم دەدرێن.

بەشی سێیەم: بەشدارییپێکردنی قوربانیان

بەشدارییپێکردنی قوربانیان لە پرۆسەی ڕاوێژکردن و داڕشتن و جێبەجێکردنی پرۆگرامی قەرەبووکردنەوەکە

بەشدارییپێکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت ئەوانە نوێنەرایەتی قوربانییان و  ژنان و کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان دەکەن، لە پرۆسەی گفتوگۆکردن و داڕشتن و جێبەجێکردنی پیلانی قەرەبووکردنەوەی واقیعی و گونجاو.

بەشی چوارەم: دیارییکردنی لەپێشینەکان

سوودمەندبوونی قوربانییان بە چەندین جۆری جیاواز بەپێی جۆر و ماوەی ئەو پێشێلکارییەی بەرامبەریان کراوە، هەروەها سەختیی و دەرئەنجامەکانی ئەو ئازارەی دووچاری بوونەتەوە، لەگەڵ هەندێک هۆکاری پەیوەندییداری دیکە.

ئێمە ئەم گروپانەی خوارەوە بە لاوازترین دادەنێین، هەر بۆیە پێمان وایە پێویستییان بەوەیە لە کاتی دانان و جێبەجێکردنی قەرەبووەکان لەپێش گروپەکانی دیکەوە بن.

ئەوانەی هەر لە بنەڕەتدا لەوانی دیکە لاوازترن:

  • منداڵان، بەو منداڵانەشەوە بێدایک و باوکن، ئەوانەی بەزۆر خراونەتە ناو خێزانێک کە هیی خۆیان نییە، ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسی لەدایک بوون، ئەو منداڵانەی کراون بە سەرباز هەروەها ئەو منداڵانەی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسیی تایبەت بە ململانێی سەربازیی و ئەو منداڵانەی ئایدۆلۆژیایەکیان فێر کراوە.
  • بێوەژنەکان،
  • ئەو خێزانانەی تاکە بەخێوکەریان کوژراوە یان ڕفێندراوە.

ئەوانەی بەتایبەت تاوانی گەورەیان لە دژ کراوە یان ئەو تاوانانەیان لەدژ کراوە کە کە دەرئەنجامی قورسیان هەیە

  • توندوتیژیی سێکسی درێژخایەن و یان توندوتیژیی سێکسی سەختی پەیوەندییدار بە ململانێی سەربازییەوە (CRSV)
  • جینۆساید،
  •  ئەوانەی دووچاری چەندین جۆر پێشێلکاری بوونەتەوە (قوربانیی ڕاستەوخۆی ئەشکەنجە/ توندوتیژیی سێکسی پەیوەندییدار بە ململانێی سەربازییەوە، ئەوانەی ئەندامانی خێزانەکەیان کوژراون یان دیار نەماون)
  • ئەشکەنجەی درێژخایەن، بەتایبەت شێوازە سەختەکانی ئەشکەنجە،
  • کەسوکاری ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن
  •  ئەوانەی پەلێکیان پەڕیوە یان ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە، لەگەڵ ئەوانەی ئەو جۆرە زیانە دەروونییە سەختانەیان پێ گەیشتووە کە چاکبوونەوەیان نییە.
بەشی پێنجەم: مەودای جوگرافی

قەرەبووکردنەوەکان پێشکەش بەو کەسانە بکەن کە بەهۆکای پەیوەندیدار بە ململانیی چەکداری تووشی پێشێلکاریی قورسی مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە و بەتەواوی یان بە نیوەیی لەسەر خاکی عێراق و لەماوەی ململانێکی داعشدا ئەو پێشێلکارییانە بەرامبەریان کراون.

بەشی شەشەم: مەودای کاتی

بەلای زۆر کەمەوە، دەبێت پرۆگرامەکە قوربانییەکانی ناو مەودای ململانیی چەکداری سەردەمی داعش بگرێتەوە لە ڕێکەوتی٩/٦/٢٠١٤ ەوە تا ٩/١٢/٢٠١٧ کاتێک داعش بەشێوەیەکی کاریگەر بەشێک لە خاکی عێراقی داگیر کرد. دەبێت ئەو پێشێلکاریی قورسی مافەکانی مرۆڤ داخڵ بکرێن کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە لەلایەن داعشەوە کراون و ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە گەورانەی دوای ٩/٦/٢٠١٤ ئەنجام دران. دەبێت ئەو کەسانەیش کە لەو ماوە دیاریکراوەدا دەستگیر کران و دوای ساڵی ٢٠١٧ ئازاد کران یان هێشتا ئازاد نەکراون هەر وەک قوربانییان ئەژمار بکرێن.

بەشی حەوتەم: شێوازەکانی قەرەبووکردنەوە

لەو پرۆگرامانەی قەرەبووکردنەوەکان کە لە داهاتوودا دروست دەبن، بەشێوەیەکی هاوسەنگ تێکەڵەیەک لە قەرەبووی تاکەکەسی و گشتی ببەخشن. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە کە قوربانییان و کۆمەڵگەکانیش هەردووک پێکەوە کراونەتە ئامانج.

هەرچەندە قەرەبووکردنەوەی مادی گرنگە، بەڵام نابێت وەک تاکە ئامرازی ساڕێژکردنی ئەو زیان و ئازارانە تەماشا بکرێت کە قوربانییان چەشتوویانن. دەبێت لە پرۆگرامە قەرەبووکردنەوەکانی داهاتوودا، سەرەڕای قەرەبووکردنەوە و سودی مادی، قەرەبووکردنەوەی مۆڕاڵی و سونبولیش پێشکەش بکرێن.

بەشی هەشتەم: هەموو فۆڕمەکانی قەرەبووکردنەوە

هەموو فۆڕمەکانی قەرەبووکردنەوە پێشکەش بکە، بە مانایەکی تر، هەموو ئەو قەرەبووکردنەوانەی دەکەونە چوارچێوەی ئەم خاڵانەی خوارەوە

٨. ١ گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی پێشووی

هەموو هەوڵەکانت بدە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی قوربانییان– ئەوەندەی دەکرێت- بۆ ئەو دۆخە ئاساییەی پێش ڕوودانی پێشێلکارییە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانی بەرامبەری. دەکرێت هەوڵەکانت ئەمانە بگرنەوە بەڵام هەر تەنیا ئەمانەش نین:

  • هەڵگرتنەوەی مین و هەر جۆرە تەقەمەنییەکی تر
  • ڕزگارکردن یان دەستنیشانکردنی شوێنی هەموو ئەو کەسانەی کە بێسەروشوێنن
  • گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان لە کاتی گەڕانەوەیاندا
  • ڕێکخستنی گەڕانەوەیەکی سەلامەت بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ناوخۆی وڵاتی خۆیاندا ئاوارە بوون بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی پێشوویان
  • گەڕاندنەوەی ئەو زەوی و ماڵ و موڵکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە و تاک و خێزانەکانی سەریان ناچار بە ڕاکردن و ئاوارەبوون کراون بۆ ناوچەی ململانێکان
  • نۆژەنکردنەوە/دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو ماڵ و موڵکە کەسییانەی لە ململانێکاندا (بەستەر) تێکچوون/ خاپووربوون
  • دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووبارە دابین بکرێنەوە
  • ئەگەر کەسەکە کارەکەی لەدەست دابێت، دووبارە گەڕاندنەوە بۆ سەر کار/ پۆستی پێشوو ئەگەر ئەمەش نەکرا، خستنە سەر کارێک کە وەک هەمان ئەوەی پێشووی خۆی بێت

٨. ٢ قەرەبووکردنەوەی مادی

ئەوەندەی دەکرێت قەرەبووی قوربانییان بکەرەوە بۆ هەر زیانێکی ماددی کە بەهۆی پێشێلکارییەکانی یاسای مافەکانی مرۆڤەوە تووشیان هاتووە، جا زیانەکە فیزیکی بێت یان دەروونی، هەلێک بێت و لەدەستیان چووبێت، کەلوپەلێکیان بێت و تێکشکابێت، پاشەکەوت و پارەکانیان بێت و لەدەست چووبێت، یان زیانی مۆڕاڵی بێت. دەبێت بڕی قەرەبووکردنەوە هاوسەنگ بێت لەگەڵ توندیی پێشێلکارییەکان.

ئەو بڕە دیاریکراوەی دەدرێت دەبێت بەشێوەیەکی سەرەکی لەڕێی پلانی داهاتەوە. بەپشت بەستن بە جۆری ئەو کەیسانەی لەبەر دەستدان، دەبێت ڕێگای دیکەی قەرەبووکردنەوەی قوربانییان بگیرێتە بەر وەک دابینکردنی هەلی ئابووریی بچووک، پێدانی بڕێک پارە بە یەک جار.

٨. ٣ ڕاهێنانەوە

دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی ڕاهێنانەوە بۆ قوربانییان و ئەگەر پێویستیشی کرد، بۆ ئەندامانی خێزانەکانیشیان بە ستانداردێکی باش و لەو شوێن و ناوچانەدا کە دەست دەیانگاتێ. پێویستە خزمەتگوزارییەکان هەر تەنیا پزیشکی و سایکۆلۆژی نەبن و بەلایەنی کەمەوە ئەمانە بگرنەوە:

  • خزمەتگوزارییەک کۆمەڵایەتییەکان (چەند خزمەتگوزارییەکی جیاجیا دابین بکە بۆ ئەوەی هەستی پەراوێزخستن لای قوربانی بڕەوێتەوە کە هەستێکە زۆربەیان ئەزموونی دەکەن. پێویستە قوربانییان بەلایەنی کەمەوە دەستیشیان بگات بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک خانوو، چاودێریی تەندروستی، هتد.)
  • هاوکاریی یاسایی (پێویستە هەر بابەتێکی یاسایی بخرێتە پلانی کارەوە کە سەرچاوەی دەگرن یان پەیوەندیدارن بە پلەی قوربانییەکەوە وەک دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تر، داواکردنی قەرەبوو لە دادگا، بەشداریکردن لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارەکان، هتد.)
  • دابینکردنی پشتگیریی بۆ دایکانەی منداڵەکانیان بەهۆی دەستدرێژییەوە دروست بوون، ئەگەر ویستیان پێکەوە بژین بەسەربەخۆیی لە دەرەوەی کۆمەڵگەکەی خۆیان
  • پەروەردە (دابینکردنی چانسی پەروەردە و خوێندن بۆ قوربانییان یان زەمالەی خوێندن بۆ منداڵەکانیان)،
  • ڕاوێژکاریی خێزانی (پرۆگرامێک بۆ پێدانی زانیاری و ڕێنمایی پرۆفێشنەڵانە بە ئەندامانی خێزان لەسەر زاڵبوون بەسەر ڕووداوێکی قورسی دەروونیی دیاریکراو)،
  • هەموارکردنەوە ئەو یاسا کەسێتییانەی پەیوەندیدارن (یاسای شوناسی نەتەوەیی) بەم بابەتەوە بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسییەوە دروست بوون ئایینەکەیان دیاری بکرێت
  • ڕاهێنانی پیشەیی (ڕاهێنانێک کە بتوانێت یارمەتی قوربانییان بدات تا دووبارە بچنەوە سەر کاری گونجاو)

٨. ٤ قایلکردن/ دڵدانەوە

ژمارەیەک قەرەبووکردنەوەی ناماددی یان سیمبۆلی پێشکەش بە قوربانییان بکە بەتایبەت ئەو جۆرە قەرەبووکردنەوانەی بەتایبەت بۆ قایلکردن و دڵدانەوەی قوربانییان وەک:

  • بەشداریپێکردنی گونجاوی قوربانییان لە هەر ڕێکار و دادگاییەکدا کە بۆ لێکۆڵینەوەی کارکردن بێت لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەریان کراون،
  • دۆزینەوەی تەرم و گۆڕی هەموو ئەوانەی مردوون و گەڕاندنەوەیان بۆ کەسوکاریان و ڕێکخستنی مەراسیمێکی گونجاوی بەخاکسپاردن بۆیان،
  • ناساندنی هەندێک ڕووداوی دیاریکراوی وەک تاوانەکانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، جینۆساید، وەک تاوانی نێودەوڵەتیی،
  • دەرکردنی نووسراوێکی فەرمیی داوای لێبوردن هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەلایەن لایەنە حکومییەکانەوە لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا لەلایەن دەزگا حکومییەکانەوە، یان داوای لێبوردنکردن لەبەرامبەر نەبوونی توانا بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتەکان لەسەر دەستی لایەنە ناحکومییەکان،
  • دروستکردنی داتابەیسێک بۆ ئەو زانیارییە کەسییانەی بەردەستن لەسەر ئەو ژن و کچانەی بێسەروشوێنن و وەرگرتنی هەموو زانیارییە پێویستەکان لەسەریان، هەروەها وەرگرتنی زانیاری لەسەر کەسوکاریان بۆ ئەوەی بەڵکودەوڵەت لەو ڕێگەیەوە بتوانێت ونبووەکان بدۆزێتەوە،
  • یادکردنەوە (بنیاتنانی مۆنۆمێنت و دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ یادکردنەوە و ڕێزنان لە قوربانییان)،
  • باسکردنێکی وردی هەموو پێشێلکارییەکان و ئەو باردودۆخانەش کە بوونە هۆی ڕوودانیان لەناو  پرۆگرامەکانی خوێندنی هەموو قۆناغەکاندا بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە ڕوودانی توندوتیژی لە داهاتوودا لەڕێگەی دیاریکردنی تاوانباران، دروستکردنی تێگەیشتن لای قوربانییان و کەمکردنەوەی بۆشایی نەتەوەیی و ئایینی لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا،
  • دەبێت ڕێکارەکانی قایلکردن/ دڵدانەوە بەلەبەرچاوگرتنی داب و نەریتەکان بن.

٨. ٥ گرنتیکردنی دووبارەنەبوونەوە

گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕووداو و تاوان و ماف-پێشێلکردن و کارەساتی هاوشێوەی ئەوەی پێشوو ڕوو نادەنەوە، ئەمەش بە ئەنجامدانی چەند کارێک دەبێت وەک:

  • دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو ئەوانەی پێشێلکاریی قورسی مافەکانی مرۆڤیان ئەنجام داوە، دادگایی دەکرێن و سزای تاوانەکانیان وەردەگرن
  • کۆتاییهێنان بەو سزا و سووکایەتییانەی بەو تاک و خێزانانە دەکرێت کە گوایە پەیوەندییان هەیە بە داعشەوە هەیە،
  • گەڕانەوە بۆ یاسای دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی/ ڕۆما،
  • دووبارە پێناسەکردنەوەی تاوانی دەستدرێژیی سێکسی و ئەو ڕێکارە یاساییانەش کە لەم حاڵەتەدا دەگیرێنەبەر بۆ دادگاییکردنی ئەوانەی تۆمەتبارن بەشێوەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی
  • دروستکردنی گرەنتی و میکانیزمی پێویست کە ڕۆڵیان دەبێت لە بەرەوپێشبردنی سەلامەتیی جەستەیی کەمینەکان،
  • دروستکردنی گرەنتی و میکانیزمی کاریگەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کەمینەکان دەتوانن بەشداریی سیاسییان هەبێت لەسەر ئاستی شارەوانی و هەرێم و فیدراڵی
  • لابردنی ئەو بڕگانەی ماوە و سەردەمیان بەسەرچووە لە یاسای تاوانی عێراقیدا و ڕێگە بە خەڵک دەدەن ئەو تاوانە بکەن و سزاش نەدرێن بەمەرجێک ئەگەر کەسی قوربانی مارە بکەن و نەهێشتنی ئەو مافەی پیاوانیش کە توانای ئەوەیان دەداتێ هەڵسوکەوتی ژنەکانیان ڕێکبخەن (ژنەکانیان سزا بدەن)،
  • بە تاوان ناساندنی ئەو دەستدرێژییانەی لە چوارچێوەی هاوسەرگیرییدا دەکرێنە سەر ژنان،
  • لابردنی ماددەی ٢ و ١٦ لە یاسای نەهێشتنی هەموو جۆرێکی سووکایەتیکردنێک بە ژنان و دڵنیابوونەوە لەوەی یەکسانی لە هەموو ئەو کێشانەدا بەدی دێت کە پەیوەندیدارن بە خێزان و پەیوەندییە خێزانییەکانەوە،
  • قبووڵکردنی دۆسیەی تاکەکەسی لەژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان ICCPR، ڕێککەوتننامەی دژی ئەشکەنجە CAT، هەروەها CEDAW،
  • ئاساییکردنەوەی یاسای عێراقی لەگەڵ ئەو خاڵەدا کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئایینێک یان بیروباوەڕێک هەڵبژێرێت و پەیڕەویی بکات.
بەشی نۆیەم: دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ قەرەبووکردنەوەکان

خۆت سپۆنسەری سەرەکیی پرۆگرامی نیشتیمانی قەرەبووکردنەوە بە. دەبێت هانی نوێنەرانی وڵاتان بۆ پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکان بدرێت تا لە هەوڵەکانی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییان بەشدار بن، ئەمەش یان بە بەخشینی پارە یان دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی وەک قەرەبوو بەکار دێن، هەروەها ڕێکخستنەوەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق یان لە هەر ڕێگەیەکی دیکەوە.

بەپێی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی داعش لەو دڕندەییانەی دەرهەق بە خەڵکی عێراق کران ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا، دەبێت هانی ئەو وڵاتانە بدرێت کە چەکدارەکان هاوڵاتییانن ، ئەرکی ئەخلاقیی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی بە قوربانییان گەیشتووە بگرنە ئەستۆ و پشتگیریی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ پرۆگرامی قەربووکردنەوە لە عێراق بکەن.

بەشی دەیەم: قورسیی سەلماندن

دڵنیابەرەوە لەوەی ستاندەردەکانی ئەو بەڵگانەی بەرکاردێن بۆ دیارییکردنی ئەو قوربانییان پرۆگرامی قەرەبووکردنەوەکە دەیانگرێتەوە، نابێت بایی هێندە داواکاریی زۆر لەخۆ بگرن، کە بارێکی بێمانا قورس بخەنە ئەستۆی قوربانییەکان. لە بنەڕەتدا، دەبێت ئەو وتانەی لەژێر سوێنی یاساییدا بۆ ڕاستیی و دروستی ئەو ڕووداوانەی باس کراون دراون، بەس بێت بۆ ئەوەی وەک بەڵگە وەربگیرێت. دەشبێت بۆ پێشێلکاریی قورسی مافەکانی مرۆڤ ئەگەری ئەوەی قوربانییەکە دووچاری زیانی زیهنی بووبێت بەهەند وەر بگیرێت.